گالەری

رووداو دیجیتاڵ 

بەیانیی زووی رۆژی هەیینی کاژێر 08:00 بە کاتی تاران (07:30 بە کاتی هەولێر) دەنگدان بۆ هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان و ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەریی ئێران بە بەشداریی هاووڵاتییان بەرپرسان و رێبەرانی ئایینیی وڵاتەکە پرۆسەکە بەڕێوەچوو. 
 
لەو هەڵبژاردنەدا زیاتر لە 61 ملیۆن و 172 هەزار کەس مافی دەنگدانیان هەیە، بەڵام ئەو پرۆسەیە قسەی جیاوازی لەبارەوە دەکرێت. 
 
بەشێک لە هاووڵاتییان دەڵێن، "هەڵبژاردنەکە سوودی نییە" و بەشێکی دیکەیان "هەڵبژاردنەکە بە گرنگ" ناودەبەن. 
 
هانا گەنجێکی رۆژهەڵاتی کوردستانە و تەمەنی 21 ساڵە، بە ئاژانسی فرانس پرێسی گوتووە، "دەنگم دا، بەڵام چی دەگۆڕێت؟" 
 
موردیانی هاووڵاتییەکە دانیشتووی تارانە، باسی گرنگی بەشداریی لە هەڵبژاردن دەکات و قسەیەکی رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران دەگێڕێتەوە و دەڵێت، "سەرۆک گوتی بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکان ئەرکە، هەروەک چۆن نوێژکردن لەسەر ئێمە ئەرکە."
 
عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران لەدوای بەشداریکردنی لە دەنگدان بە خەڵکی وڵاتەکەی گوت، بەشداری دەنگدان بکەن تاوەکو "دوژمنەکانیان نائومێد" بکەن
 
لەم هەڵبژاردنەدا 144 بەربژێر لە 31 پارێزگای ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بۆ بەدەستهێنانی 88 کورسیی ئەنجوومەنی شارەزایان رکابەریی یەکدی دەکەن و ئەندامانی ئەنجوومەنەکە بۆ ماوەی هەشت ساڵ هەڵدەبژێردرێن. 
 
هەروەها 15 هەزار و 200 بەربژێر لە 31 پارێزگای ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بۆ بەدەستهێنانی 290 کورسیی پەرلەمان رکابەری دەکەن کە بۆ ماوەی چوار ساڵ هەڵدەبژێردرێن.