رووداو دیجیتاڵ
لە سنووری پارێزگای دێرەزووری سووریا، تەقینەوەیەک لە بنکەی ئەلعومەر کە بنکەیەکی سەربازی ئەمریکیە روویدا.
بەپێی زانیارییەکان، تەقینەوەکە ئەمشەو یەکشەممە، 29-10-2023 لە بنکەی ئەلعومەر روویداوە کە کەوتووەتە سنووری پارێزگای دێرەزوور لە رۆژهەڵاتی سووریا. تائێستا هۆکاری تەقینەوەکە و زیانەکانی ئاشکرا نەکراون.
بەیانی ئەمڕۆ یەکشەممەش تەقینەوەیەک لە بنکەی شەدادیی پارێزگای حەسەکە روویدا کە ئەمریکییەکان تێیدا جێگیرکراون.
روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند، لە هەشت رۆژی رابردوودا، گرووپەکانی سەر بە ئێران، حەوت هێرشیان کردووەتە سەر ئەو بنکانەی کە هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش و ئەمریکای تێدا نیشتەجێ کراون.
رۆژی هەینی، 27-10-2023، بەرپرسێکی ئەمریکی کە نەیویستبوو ناوی ئاشکرابکرێت رایگەیاندبوو، هێرشێکی درۆنییان بۆ سەر بنکەی ئاسمانیی عەین ئەسەد لە پارێزگای ئەنباری عێراق شکست پێ هێناوە.
بەرەبەیانی هەمان رۆژ(رۆژی هەینی)، پێنتاگۆن رایگەیاند، کاژێر 4:30ـی بەیانی بەکاتی هەولێر، فڕۆکە جەنگییە ئێف شازدەکانی ئەمریکا دوو پێگەیان لە شارۆچکەی ئەلبوکەمال لە رۆژهەڵاتی سووریا بۆردوومان کرد کە بە گوتەی جۆن کێربی، گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا، کۆگەی چەک و تەقەمەنی سوپای پاسداران و گرووپە چەکدارەکانی لایەنگری ئێرانیان لەنێوبردووە.
بەگوتەی بەرپرسانی ئەمریکا، هێزەچەکدارەکان کە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێن دەیانەوێت بنکە سەربازییەکانیان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بکەنە ئامانج، ئەوانیش بۆ هەر هێرشێکی لەو جۆرە ئامادەن و وەڵامیان دەبێت.
گرووپێکی چەکدار کە خۆی بەناوی (مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق) دەناسێنێت، بەشێک لە هێرشە درۆنی و مووشەکییەکانی سەر بنکەکانی ئەمریکای لە ئەستۆگرتووە.
لە دوو هەفتەی رابردوودا بنکەکانی ئەمریکا لە عێراق و سووریا چەند جارێک کراونەتە ئامانج و بە گوێرەی لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئەمریکا لە ئەنجامیاندا بەڵێندەرێکی ئەمریکی گیانی لەدەستداوە و 21 هاووڵاتی دیکەی ئەمریکا بریندار بوون کە برینەکەیان سووک بووە و هەموویان دەستیان بە ئەرکی خۆیان کردووەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ