ئەبوبەکر بەغدادی پەیامێکی ڤیدیۆیی بڵاوکردەوە

29-04-2019
رێکار عەزیز @Rekar_Azeez
نیشانەکردن ئەبوبەکر بەغدادی
A+ A-

رووداو - هەولێر

لەدوای 2014ـەوە رێکخراوی داعش بۆ یەکەمجار ڤیدیۆیەکی ئەبوبەکر بەغدادی، خەلیفەی داعشی بڵاوکردەوە، کە 18 خولەکە. ئەمریکاش دەڵێت، لە راستی و دروستی پەیامە ڤیدیۆییەکەی بەغدادی دەکۆڵنەوە.

ئەبوبەکر بەغدادی لە پەیامەکەیدا، بەیعەت لە جیهادییەکانی مالی، بۆرکینافاسۆ و ئەفغانستان قبوڵدەکات".

ئەبوبەکر بەغدادی دەڵێت، هێرشەکانی سریلانکا تۆڵەکردنەوە بوون بۆ شەڕی باغۆز و دەشڵێت شەڕی ئەمڕۆی "دەوڵەتی ئیسلامی شەڕی مان و نەمانە".

بەغدادی دەڵێت چەکدارانی لە سرت (لیبیا)، موسڵ، رەققە و باغۆز خۆیان بەدەستەوە نەداوە و تاوەکو  دواساتەکانی "شەهیدبوون" شەڕیان کردووە.

ئەبوبەکر بەغدادی کێشی لەشی زیادی کردووە و ریشی سوور و سپییە، چەکێکی AK-47ـی لە تەنیشت خۆی داناوە، قسە بۆ ژمارەیەک کەس دەکات کە رووخساریان بە دەمامک داپۆشراوە.

بەغدادی ئاماژە بەوە دەکات "شەڕی ئیسلام لە دژی خاچپەرستان شەڕێکی درێژە، شەڕی باغۆز کۆتاییهات".

بەغدادی ئاماژە بەوە دەکات "شەڕی ئیسلام لە دژی خاچپەرستان شەڕێکی درێژە، شەڕی باغۆز کۆتاییهاتووە.

ئەبوبەکر بەغدادی دەڵێت "برایانمان 92 هێرشیان لە 8 وڵاتی جیهان ئەنجامداوە". داواشدەکات هێرشبکەنە سەر "خاچپەرستەکان بەتایبەتی فەرەنسییەکان".

بەغدادی دڵی چەکدارانی دەداتەوە کە لە شەڕەکاندا شکستیان هێناوە و دەڵێت "خودا جیهادی  فەرز کردووە بەڵام پەیمانی سەرکەوتنی پێنەداوین". 

ڤیدیۆیەکە لۆگۆی دەزگای فورقانی لەسەرە، کە دەزگای راگەیاندن و بڵاوکردنەوەی تایبەت بە رێکخراوی داعش.

هەر لەبارەی ئەو ڤیدیۆیە، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، لە راستی و درووستی ئەو پەیامە ڤیدیۆییە دەکۆڵنەوە کە ئەمڕۆ رێکخراوی داعش بڵاویکردەوە و تێیدا ئەبوبەکر بەغدادی دەردەکەوێت و پەیامێک ئاراستەی چەکداران و وڵاتانی رۆژئاوا دەکات.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت، شەڕی داعش کۆتایی نەهاتووە و لە چوارچێوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بەردەوام دەبن لە گوشارخستنە سەر داعش تاوەکو لە تێکشانەکەی دڵنیادەبنەوە .دەشڵێت دەبێت سەرکردەکانی داعش سەرجەمیان بە سزای خۆیان بگەن.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە