هێزەکانی ئەمریکا دوای شەڕی داعش لە عێراق و سووریا دەمێننەوە

28-10-2017
غازی حارس
نیشانەکردن داعش
A+ A-
رووداو - هەولێر

فەرماندەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق رایگەیاند، مانەوەی هێزەکانی وڵاتەکەی لە عێراق و سووریا دوای شەڕی داعش پێویستە.

جەنەراڵ پۆڵ فەنک، فەرماندەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق بە ماڵپەڕی یوئێس تودەی (US Today) راگەیاندووە "سەرەڕای شکانی داعش، مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و سووریا پێویستە بۆ رووبەڕووبوونەوەی پاشماوەکانی داعش و راهێنانی هێزە لۆکاڵییەکان".

ئەو فەرماندەیەی سوپای ئەمریکا راشیگەیاند "پێویستە هێزەکانی ئەمریکا ئامادەییان لە گۆڕەپانەکەدا بمێنیت وەکو پابەندبوون بە هاریکاریکردنی هێزە خۆجێییەکان و مەشق و راهێنان بەو هێزانە".

بەگوتەی جەنەراڵ پۆڵ فەنک ئەوان ئامادەن لە عێراق و سووریا بمێننەوە بۆ راهێنانی هێزە لۆکاڵییەکان و پاراستنی ناوچەکە، بەڵام بڕیاری مانەوە هێزەکان لە کۆشکی سپییەوە دەدرێت، کە تاوەکو ئێستا هیچ بڕیارێکی لەبارەوە ئاشکرا نەکراوە.

هێزەکانی ئەمریکا لە 2003 تاوەکو 2011 لە عێراق بوو، بەڵام ئۆباما وەک بەڵێنی دابوو لە ساڵی 2011 هێزەکانی وڵاتەکەی لە عێراق کشاندەوە. بۆهی شەڕی داعش لە 2014 جارێکی دیکە هێزەکانی ئەمریکا گەڕێندرانەوە بۆ عێراق، کە ژمارەیان دەگاتە زیاتر لە پێنج هەزار راوێژکاری سەربازی و سەرباز و چەند هێزێکی تایبەت.

داڕشتنەوە: حەکیم داود

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە