رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمریکا دەڵێت، لە هێرشێکی درۆنیدا لە باکووری رۆژهەڵاتی ئوردن سێ سەربازیان کوژراون و 25ی دیکە برینداربوون. جۆ بایدنیش لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت، "لەکاتێکدا سەرقاڵی کۆکردنەوەی راستییەکانین لەبارەی ئەم هێرشە، دەزانین لەلایەن گرووپە چەکدارە رادیکاڵەکانی نزیک لە ئێرانەوە ئەنجامدراوە کە لە سووریا و عێراق جموجووڵیان هەیە".
جۆ بایدن ئەمڕۆ یەکشەممە، 28ـی کانوونی دووەمی 2024، لە راگەیێندراوێکدا گوتی، "قوربانیدانی گەورەی ئەو سێ سەربازە لەلایەن گەلەکەمانەوە لەبیر ناکرێت؛ هەوڵدەدەین لە ئاست رێز و شانازی کەسوکاریاندا بین. لە پابەندییەکانیشیان بۆ شەڕی دژی تیرۆر بەردەوام دەبین". جۆ بایدن پەیامێکی هەڕەشەئامێزیش دەنێرێت و دەڵێت، "هەموو ئەوانەی دەستیان لەو هێرشەدا هەبووە لە کات و شوێنێک کە خۆمان هەڵیدەبژێرین، سزایان دەدەین".
پێشتر، فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمریکا گوتی ئەمڕۆ یەکشەممە لە باکووری رۆژهەڵاتی ئوردن نزیک سنووری سووریا بە درۆن هێرشکراوەتە سەر بنکەیەکیان و بەهۆیەوە سێ سەربازیان کوژراون و 25ـی دیکەش بریندار بوون.
بەرپرسانی ئەمریکی بە میدیای وڵاتەکەیان راگەیاندووە، هێرشەکە شەوی رابردوو بە درۆن کراوەتە سەر بنکەیەکی بچووکی هێزەکانیان لە باکووری رۆژهەڵاتی ئوردن کە بە تاوەر 22 ناسراوە و دەکەوێتە نزیک سنووری سووریا.
لەوەتەی شەڕی ئیسرائیل و حەماس هەڵگیرساوە، یەکەمجارە سەربازانی ئەمریکی راستەوخۆ لە هێرشی درۆنیدا دەکوژرێن.
لە 17ی ئۆکتۆبەرەوە زیاتر لە 158 هێرش کراونەتە سەر هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان لە عێراق و سووریا.
دەقی راگەیێندراوی جۆ بایدن
ئەمڕۆ، ئەمریکا دڵگرانە. شەوی رابردوو لە هێرشێکی درۆنییدا بۆ سەر هێزەکانمان لە باکووری رۆژهەڵاتی ئوردن لە نزیک سنووری سووریا، سێ سەربازی ئەمریکا کوژران و چەندانی دیکە بریندار بوون. لە کاتێکدا لە لێکۆڵینەوە لەو هێرشە بەردەوامین، دەزانین لەلایەن ئەو گرووپە رادیکاڵانەوە ئەنجامدراوە کە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێن و لە عێراق و سووریا چالاکن.
من و جیڵ (خانمی یەکەمی ئەمریکا) لەگەڵ هاوڕێیان، خێزانی کوژراوەکان و هەموو ئەمریکییەکانی وڵات هاوبەشی لەدەستدانی ئەو سەربازانەین لەو هێرشە قێزەون و ناڕەوایەی کرایە سەریان. ئەم سەربازانە باشترینی نەتەوەی ئێمەیان لەخۆیاندا بەرجەستە دەکرد. ئەوان ئازا، لە ئەرکی خۆیاندا چاونەترس و لە پابەندبوونیان بە وڵاتەوە جیدی بوون. ئەوان بۆ سەلامەتیی هاوکارە ئەمریکییەکانیان، هاوپەیمان و هاوبەشەکانمان کە لە شەڕی دژی تیرۆر بەیەکەوە دەوەستین، سەلامەتیی خۆیان خستە مەترسییەوە. ئەمە شەڕێکە ئێمە لێی ناوەستین و رایناگرین.
ئەو سێ سەربازەی لەدەستمان دان، بە بەرزترین مانا نیشتیمانپەروەر بوون و هەرگیز قوربانیدانی ئەوان لە هزری گەلی ئێمە لەبیر ناکرێت. ئێمە پێکەوە ئەو ئەرکە پیرۆزەی لەسەرمانە بەرامبەر خێزانەکانیان دەیپارێزین و هەوڵدەدەین شیاوی شکۆ و ئازایەتیی ئەوان بین. بەردەوام دەبین لە پابەندبوونی ئەوان بە شەڕی تیرۆریزمەوە. گومانتان نەبێت سزای هەموو ئەوانە دەدەین بەرپرسیارن، بەڵام کات و شێوازی خۆمان دیاری دەکەین.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ