ملیۆنان حاجی لە مینا دەمێننەوە؛ رۆبۆت و 200 هێڵی پەیوەندیی گەرم بە 70 زمان وەڵامیان دەدەنەوە

26-06-2023
رێکار عەزیز @Rekar_Azeez
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

حاجییانی ماڵی خودا لە مەککە دوای بەستنی ئیحرام، روویان لە مینا کرد بۆ بەجێهێنانی فەریزەی حەج و دووبارەکردنەوەی نەریتە ئایینییەکان.
 
لەو شوێنەی خەریک بوو پێغەمبەر ئیبراهیم (د. خ) ئیسماعیلی کوڕی بکاتە قوربانی، پێغەمبەری ئیسلام (د. خ) لە حەجی ماڵئاواییدا رۆژێک لێی مایەوە. هەموو پێداویستییەک لەوێ لەسەر رووبەری 7.28 کیلۆمەتر دووجا دابینکراوە؛ 15 هەزار پانکە و هەواگۆڕکێ، 30 هەزار ئاگرکوژێنەوە، 3000 کامێرای چاودێری و 12 هەزار بڵندگۆ بۆ رێنوێنیی حاجییان.
 
هەروەها 97 سەنتەری پزیشکی و 320 ئامبوڵانس و رۆژانە 700 هەزار مەتر سێجا ئاو، لەگەڵ شەمەندەفەری خێرای بێ وچان دابینکراون.
 
خالیف فەرحان، بەڕێوەبەری بەشی پەیوەندییە گشتییەکان لە کۆمپانیای هێڵی شەمەندەفەر دەڵێت، "شەمەندەفەری پیرۆز شەمەندەفەرێکی کارەبایی فریکوێنسییە و بە وزەی کارەبا کار دەکات، دۆستی ژینگەیە و کاربۆن دەرنادات، هەریەکەیان 3000 حاجی هەڵدەگرن، لە هەر کاژێرێکدا 72 هەزار سەرنشین دەگوازنەوە."
 
حاجیان ئەمڕۆ لە مینا دەمێننەوە، هەر پێنج نوێژەکە لەوێ دەکەن، رۆژی سێشەممە بەرەو چیای عەرەفە بەڕێدەکەون.
 
مونتەسەر عەبدولباقی، حاجیی میسری دڵێت، "هەموو موسڵمانێک خۆزگە دەخوازێت لە ماڵی خودا بێت." فەهد عەون، حاجیی تونسی ئاماژە بەوە دەکات، "سوپاس و ستایش بۆ خودا دەمێک بوو حەزم دەکرد حەج بکەم و خودا پێی بەخشیم."
 
ئەمساڵ بۆ یەکەمجار رۆبۆت و تەکنەلۆژیای زیرەکیی دەستکرد بۆ فەریزەی حەج خراونەتەگەڕ. رۆبۆت و 200 هێڵی پەیوەندیی گەرم بە 70 زمان وەڵامی زیاتر لە دوو ملیۆن حاجیی ماڵی خودا دەدەنەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە