رووداو دیجیتاڵ
دوای ئەوەی گەنجێکی لوبنان بە ناوی "رەیان داود" لە تەقینەوەکەی چواری ئابی بەیرووتدا ماڵ و کارەکەی لەدەستدا، بە شێوەیەکی جیاواز داوای هاوسەرگیری لە "لوچیانا تەویل"ـی خۆشەویستەکەی کرد کە پێیدەڵێت، "داهاتووم لەگەڵ بنیاددەنێیتەوە؟"
رەیان بەو شێوەیە دۆخی سەختی لوبنانییەکان دوای تەقینەوەکەی بەیرووت و دۆخی سەختی ئابووریش دەخاتەڕوو کە پێش رووداوی تەقینەوەکە رووبەڕووی وڵاتەکە بووەتەوە.
گەنجەکە لە ئەکاونتی ئینستاگرامی خۆی وێنەکەی داناوە و نوسیویەتی "بنیادنان دەستپێدەکات".
لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی لوبناندا وا بڵاوبووەتەوە کە ئەم گەنجە لە تەقینەوەکەدا ماڵ و کارەکەشی لەدەستداوە کە بووەتە هۆی ئەوەی بەو شێوەیە داوای هاوسەرگیری لە خۆشەویستەکەی بکات.
لای خۆیشیەوە لوچیانا لە ئەکاونتی ئینستاگرامەکەیەوە وەڵامی داوەتەوە و نووسیویەتی، "هەزار "بەڵێ" بۆ باشترین هاوڕێم. هەمیشە دەست لەنێو دەستین".
رۆژی 4ی ئابی 2020 تەقینەوەیەک لە بەندەری بەیرووت روویدا و بەو هۆیەوە زیاتر لە 180 کەس گیانیانلەدەستدا و زیاتر لە 6000 کەسیش برینداربوون، بەشێکی زۆری خانوو و باڵەخانەی نزیک شوێنی تەقینەوەکە، خاپوور بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ