رۆژهەڵاتی نێوەڕاست
بەڕێکەوتنی فڕۆکەیەکی جەنگیی ئەمریکی بۆ بۆردوومانی پێگەکانی حووسییەکان. وێنە: هێزەکانی ئەمریکا
رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا رایدەگەیێنێت، دوو سیستمی مووشەکیی دژە کەشتیی حووسییەکانیان تێکشاندووە کە نیازیان هەبووە لەو رێگەیەوە مووشەک بگرنە کەشتییەکان لە باشووری دەریای سوور.
سیستمە مووشەکییەکە هێزەکانی ئەمریکا لە یەمەن دەستنیشانیان کردووە و سێنتکۆم دەڵێت، "هەڕەشەیێکی مسۆگەربووە بۆ سەر کەشتییە بازرگرانییەکان و هەروەها کەشییە جەنگییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە."
ئەمریکا دەڵێت، هێرشەکەیان و تێکشکاندنی سیستمەکەی حووسییەکان لە چوارچێوەی مافی بەرگریکردن لە خۆیان بووە. هەروەها "ئەو کارەی کردوومانە پارێزگاری لە ئازادیی جوڵەی دەریایی دەکات و رێڕەوە ئاوییە نێودەوڵەتییەکان بۆ کەشتییە بازرگانییەکان و هەروەها هێزی دەریاوانیی ئەمریکا سەلامەتتر دەکات."
هێرشەکە کاتێکدا روویداوە کە دوێنێ سێشەممە، ئەمریکا و بەریتانیا رایانگەیاند، بۆ هەشتەم جار بە هاوبەشی هێرشیان کردووەتە سەر حووسییەکانی یەمەن و لە هێرشەکاندا چەند کۆگایەکی چەک و سیستمی مووشەکی و درۆنییان تەقاندووەتەوە.
پێش هێرشەکەی ئەمریکا و بەریتانیا، گرووپە چەکدارەکەی نزیک لە ئێران رایگەیاندبوو، کەشتیی کارگۆی ئەمریکی جۆری "ئۆشیان جاز"ـیان لە کەنداوی عەدەن بە ئامانجگرتووە، دواتر ئەمریکا راستەوخۆ ئەوەی رەتکردەوە.
بەرپرسانی ئەمریکی دەڵێن، لە هەشتەم هێرشی هاوبەشیاندا لەگەڵ بەریتانیا هەستیاریی دۆخەکەیان لەبەرچاوگرتووە و نەیانویستووە کارێک بکەن هەڵچوونی زیاتری لێبکەوێتەوە، بۆیە ئەو شوێنانەی کردوویاننەتە ئامانج، توانای سەربازیی گرووپە چەکدارییەکە بووە کە پێکهاتوون لە چەک و تەقەمەنی و سیستمی مووشەکی و درۆنی.
لە راگەیێندراوێکدا کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاوبووەتەوە، سەرکردەکەی حووسییەکان نووسیویەتی: "هێرشەکانی ئێوە تەنیا گەلی یەمەن بەهێزتر و رژدتر دەکەن لە رووبەڕووبوونەوەتان هەروەکو چۆن ئێوە دەستدرێژکاری سەر وڵاتەکەمانن."
گرژی و ئاڵۆزییەکان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لەگەڵ هەڵگیرسانی شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس زیادیان کرد، هەریەک لە حیزبوڵڵای لوبنانی و حووسییەکانی یەمەن ناوە ناوە هێرش دەکەنە سەر ئیسرائیل و لە سنوورە ئاوییەکانیشدا زۆرجار کەشتییە بازرگانییەکان لەلایەن حووسییەکانەوە دەکرێنە ئامانج.
شەڕی ئیسرائیل و حەماس زیاتر لە 105 رۆژە بەردەوامە، بە گوتەی وەزارەتی تەندروستیی کەرتی غەززە، تاوەکو ئێستا زیاتر لە 25 هەزار کەس کوژراون.
ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنی سەربازی بۆ سەر کەرتی غەززە دەستپێکرد دوای ئەوەی لە 7ی ئۆکتۆبەر حەماس هێرشی کردە سەر ئیسرائیل و بەگوتەی تەلئەڤیڤ، زیاتر لە 1140 کەسی کوشت، 220 کەسیشی بە بارمتە گرت کە 132یان تاوەکو ئێستا لە دەست حەماسدا ماون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ