8 کەس لە ئەنجامی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان کوژران

23-03-2025
ئیسرائیل دەڵێت، لەو هێرشانەیدا پێگەکانی حیزبوڵڵایان کردووەتە ئامانج
ئیسرائیل دەڵێت، لەو هێرشانەیدا پێگەکانی حیزبوڵڵایان کردووەتە ئامانج
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

دوای نزیکەی 4 مانگی ئاگربەستی نێوان حیزبوڵڵا و ئیسرائیل، خەریکە بۆردوومان، کوشتار و وێرانکاری دەبنەوە کابووسی لوبنانییەکان. 
 
فڕۆکەی جەنگیی ئیسرائیلی گوندی تولینی لە باشووری لوبنان بۆردوومان کرد؛ پاشماوەی بۆردوومانەکە، مردن و وێرانکاری بوو. 
 
خوێنی 5 کەس لە گوندەکە رژایە سەر داروپەردوو، کە یەکێک لە کوژراوەکان کچێکی بچووک بوو. 
 
عەلی حەمادە، دانیشتووی گوندی تولینە و سوپاسگوزارە تەنیا ئۆتۆمبێلەکەی لەدەستداوە. ئەو دەڵێ "ئیسرائیل دەیەوێت رامانبکێشێتە نێو جەنگێکی دیکەوە. تەنیا خوا دەزانێت چی بەڕێوەیە."
 
زنجیرەیەکی دیکەی هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر شاری سووڕ و ناوچەکانی دیکەی باشوور و رۆژهەڵاتی لوبنان بوو.
 
لەوێش سێ کەسی دیکە کوژران و کۆی گشتی ئەوانەی رۆژی شەممە (22-3-2025) گیانیان لەدەستدا، گەیشتە 8 کەس. 
 
ئیسرائیل دەڵێت، لەو هێرشانەیدا پێگەکانی حیزبوڵڵایان کردووەتە ئامانج، ئەمەش وەک وەڵامێک بۆ هاوێشتنی سێ مووشەک لە سنووری لوبنانەوە بەرەو ئیسرائیل. 
 
حیزبوڵڵارەتیکردەوە هیچ مووشەکێکی ئاراستەی دووژمنەکەی کردبێت.
 
دوای بۆردوومانەکە کە سەختترینی دوای ئاگربەستەکەی 27ـی تشرینی دووەم بوو، بەرپرسانی ئیسرائیل رایانگەیاند، پابەندی ئاگربەستن، بەڵام بە تووندی وەڵامی هەر هێرشێک دەدەنەوە و حکومەتی لوبنان بە بەرپرس دەزانن. 
 
ئۆفیر فاڵک، راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بۆ سیاسەتی دەرەوە دەڵێ "سوپای بەرگریی ئیسرائیل ئاگربەستەکە جێبەجێ دەکات. چاوەڕێی ئەوە لە لوبنان دەکەین، ئەوانیش ئاگربەست جێبەجێبکەن."
 
دوای ئەوەی ئیسرائیل رایگەیاند، سێ مووشەکی لە خاکی لوبنانەوە ئاراستەی ناوچەی جەلیلی سنووری کراون، نەواف سەلام، سەرۆکوەزیرانی لوبنان رایگەیاند "هەندێ لایەن دەیانەوێت لوبنان بخزێننە نێو جەنگێکی نوێوە"، هۆشداریشی دا کە ئەوە کارەساتی بۆ لوبنانییەکان دەبێت. 
 
هەروەها سوپای راسپارد رێگری لە هەر هێرشێک لە لوبنانەوە بۆ سەر ئیسرائیل بکات. 
 
سوپای لوبنان لە هەمان رۆژدا رایگەیاند، لە نزیک سنوور، دەستی بەسەر سێ سەکۆی مووشەکهاوێژدا گرتووە. 
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بەرزبوونەوەی دووکەڵ لە شوێنی هێرشێکی ئیسرائیل بۆسەر لوبنان

ماکرۆن داوای كشانەوەی ئیسرائیل لە لوبنان دەکات

فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل هێرشی ئاسمانییان کردە سەر چەند گەڕەکێکی باشووری شاری بەیرووتی پایتەختی لوبنان، سەرۆکی فەرەنساش داوای دەستبەجێ کشانەوەی هێزەکانی ئیسرائیل لە باشووری لوبنان دەکات