ئەمریکا و بەریتانیا بۆ هەشتەم جار هێرشیان کردەوە سەر حووسییەکان

23-01-2024
رێکار عەزیز @Rekar_Azeez
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ئەمریکا و بەریتانیا پشتڕاستیانکردەوە، بەرەبەیانیی ئەمڕۆ هێرشیان کردووەتەوە سەر حووسییەکانی یەمەن و دەڵێن هێرشەکە لە وەڵامی هێرشی بەردەوامی گرووپە چەکدارییەکەیە بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان.
 
واشنتن و لەندەن لە راگەیێندراوێکی هاوبەشدا بڵاویانکردەوە "هەشت پێگەیان لە یەمەن کردووەتە ئامانج." هەریەک لە کەنەدا، هۆڵەندا، بەحرێن و ئوسترالیا پاڵپشتیان بۆ هێرشەکە دەربڕی.
 
لەوەتەی جەنگی ئیسرائیل و حەماس دەستیپێکردووە، ئەمە هەشتەم جارە ئەمریکا و بەریتانیا بە هاوبەشی هێرش دەکەنە سەر حووسییەکانی یەمەن.
 
هەشتەمین هێرشی سەر حووسییەکان لەکاتێکدایە، دوێنێ (دووشەممە، 22ـی کانوونی دووەمی 2024) گرووپە چەکدارەکەی نزیک لە ئێران رایگەیاند، کەشتیێکی ئەمریکییان بە ئامانجگرتووە، بەڵام واشنتن رەتیکردەوە کەشتیی کارگۆی جۆری 'ئۆشیان جاز' لە کەنداوی عەدەن هێرشی کرابێتە سەر و هەواڵەکەشی بە ساختە ناوبرد.
 
بەرپرسانی ئەمریکی هێرشەکەی ئەمجارە بە "سەرکەوتوو" ناودەبەن، دەڵێن مووشەک و کۆگەی چەک و سیستەمی درۆنییان تێکشاندووە.
 
بەرپرسێکی ئەمریکی کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت بە میدیای ئەمریکیی گوتووە، هێرشەکە" ئامانجی خوازراوی پێکاوە."
 
ئەم هێرشە لەرووی قەبارە و گورزەوە بچووکتر بوو لە یەکەم هێرشی هاوبەشی ئەمریکا و بەریتانیا لە 11ـی کانوونی دووەم بۆ سەر حووسییەکان، کە ئەوکات 30 پێگەیان کردە ئامانج.
 
ئەمریکا لەم هێرشەدا فڕۆکەی جەنگی و کەشتی ژێردەریایی و مووشەکی دوورمەودای بەکارهێناوە، 25 بۆ 30 مووشەکی تەقاندووە، لەنێویاندا مووشەکی تۆماهۆک.
 
بەرپرسانی ئەمریکی دەڵێن لەو هێرشەدا هەستیاریی دۆخەکەشیان لەبەرچاوگرتووە و نەیانویستووە کارێک بکەن هەڵچوونی زیاتری لێبکەوێتەوە، بۆیە ئەو شوێنانەی کردوویانەتنە ئامانج، توانای سەربازیی گرووپە چەکدارییەکە بووە کە پێکهاتوون لە چەک و تەقەمەنی و سیستەمی مووشەکی و درۆنی.
 
لەدوای ‌هێرشە هاوبەشەکەی ئەمریکا و بەریتانیا، محەممەد عەلی حووسی، سەرکردەی حوسییەکان رایگەیاند، هێرشەکان تەنیا گەلی یەمەن بەهێزتر دەکەن.
 
لە راگەیێندراوێکدا کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاوبووەتەوە، سەرکردەکەی حووسییەکان نووسیویەتی "هێرشەکانی ئێوە تەنیا گەلی یەمەن بەهێزتر و رژدتر دەکەن لە رووبەڕووبوونەوەتان، هەروەکو چۆن ئێوە دەستدرێژکاری سەر وڵاتەکەمانن."
 
گرژی و ئاڵۆزییەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەگەڵ هەڵگیرسانی شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس زیادیان کرد، هەریەک لە حیزبوڵڵای لوبنانی و حوسییەکانی یەمەن ناوە ناوە هێرش دەکەنە سەر ئیسرائیل و لە سنوورە ئاوییەکانیشدا زۆرجار کەشتییە بازرگانییەکان لەلایەن حووسییەکانەوە دەکرێنە ئامانج.
 
شەڕی ئیسرائیل و حەماس زیاتر لە 100 رۆژە بەردەوامە، بە گوتەی وەزارەتی تەندروستیی کەرتی غەززە، تاوەکو ئێستا زیاتر لە 25 هەزار کەس کوژراون.
 
ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنی سەربازی بۆ سەر کەرتی غەززە دەستپێکرد دوای ئەوەی لە 7ـی ئۆکتۆبەر حەماس هێرشی کردە سەر ئیسرائیل و بەگوتەی تەلئەڤیڤ، زیاتر لە 1140 کەسی کوشت، 220 کەسیشی بە بارمتە گرت کە 132ـیان تاوەکو ئیستا لە دەست حەماسدا ماون.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە