رووداو دیجیتاڵ
رۆژبەڕۆژ رووبەڕووبوونەوەی سەربازانی ئیسرائیل لەگەڵ چەکدارانی حەماس زیاتر دەبێت، یەکێک لە سەربازە ئیسرائیلییەکان دوای برینداربوونی دیمەنی ساتی هێرشەکەی سەریان لەلایەن حەماسەوە دەبینێتەوە. پزیشکێکی ئیسرائیلیش دەڵێت، بریندارانی ئەم شەڕە لە شەڕەکانی پێشوو زیاترن
جۆناسان بێن هاموو لەنێو یەکێک لە بڵدۆزەرەکان بووە و بە چەکی (ئاڕ پی جی) لەلایەن چەکدارانی حەماسەوە کراوەتە ئامانج و بە برینداری دەگەیێندرێتە نەخۆشخانە.
جۆناسان لەبارەی رووداوەکە و دۆخی تەندروستییەوە دەڵێت، "کە لە نەشتەرگەری هەستامەوە، سەیری دایکمم کرد و گوتی 'تۆ بەهێز دەبیت و خۆشمان دەوێیت و قاچی دەستکردیان بۆ دروستکردووی. نەمدەزانی قاچم لەدەستداوە، هەستم بە قاچێکم دەکرد، بەڵام کە بەتەنییەکەم بڵند کرد بینیم قاچێکم نەماوە و بڕیویانەتەوە."
جۆناسان یەکێکە لەو 700 سەربازە ئیسرائیلییەی لە ماوەی هێرشی زەوینی بۆ سەر کەرتی غەززە دەستیپێکردووە، برینداربووە.
لە 7ـی ئۆکتۆبەریشەوە تاوەکو ئێستا 1800 سەربازی ئیسرائیلی برینداربوون.
پزیشکێکی ئیسرائیلی کە خۆی چارەسەری برینداران دەکات، دەڵێت، بریندارێکی زۆریان بۆ دێت و بریندارانی ئەم شەڕەش بەراورد بە شەڕەکانی رابردوو زیاترە.
ئیسرائیل دودکیویکز، سەرۆکی بەشی بووژانەوە لە سەنتەری پزیشکی شێبا رایگەیاند، "جۆری بریندارەکان زۆربەیان ئەوانەن کە پێشتر بینیومانن، بەڵام ژمارەیان زیاترە. تاوەکو ئەگەر بەراوردی بکەم بە شەڕەکانی پێشوو، یاخود بە ژمارەی بریندارانی 20 ساڵی رابردوو، بەرامبەر بە جەنگەکانی دیکە زۆر زیاترن."
ئیسرائیل دەڵێت، 137 سەربازیان لە غەززە کوژراون و 7000 چەکداری حەماسیشیان کوشتوون، بەڵام زیانە گەورەکە بەر خەڵکی سیڤیل کەوتووە، لە 7ـی ئۆکتۆبەرەوە نزیکەی 20 هەزار کەسی سیڤیل لە غەززە کوژراون، 1200 کەسیش لە ئیسرائیل.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ