رووداو دیجیتاڵ
میسرییەکان، بەتایبەت کەمدەرامەتەکان، هەر کاتێک بیانەوێت خۆیان فێنک بکەنەوە، روو لە رووبای نیل دەکەن، کە لەلایەن خەڵکەوە بە "رووباری هەژاران" ناسراوە، هەندێکیش پێی دەڵێن، "ئەسکەندەرییەی هەژاران."
خەتاب رەمەزان، هاووڵاتیی میسری دەڵێت، "لە هاویندا روو لێرە دەکەین و لەگەڵ منداڵەکانماندا خۆمان فێنک دەکەینەوە. باشترە لەوەی مەودایەکی دوورتر ببڕی و بڕۆی بۆ ئەسکەندەرییە."
کەمدەرامەتەکان لەنێوان "رووباری هەژاران" و خەرجکردنی 2000 جونیەی میسری لە شەرم شێخ یان ئەسکەندەرییە بۆ هەر کەسێک کە دەکاتە 64 دۆلار، "رووباری هەژاران" هەڵدەبژێرن. بەتایبەتی لە کاتێکدا کە لە حوزەیرانی ئەمساڵدا هەڵاوسان بۆ 35.7% بەرزبووەوە.
مستەفا جەمال، هاووڵاتیی میسری ئاماژە بەوە دەکات، "چی بکەین، زۆر گەرمە و بەهۆی بەرزیی نرخەکەی، ناتوانین بڕۆین بۆ ئەسکەندەرییە یان شوێنێکی دیکە. بڕۆینە ئەوێ 2000 جونیەمان دەڕوات. لەگەڵ خێزانەکەم پێش جەژن رۆیشتین 5000 جونیەمان رۆیشت بە خۆراک و تەکسییەوە، بەڵام لێرە هەموو شتێک بە خۆڕاییە. هەر بۆیە خەڵکێکی زۆر دێن بۆ ئێرە."
چاوەڕوان دەکرێت مەلەکردن لە رووباری نیل و هاوینەهەوارەکانی دیکەی میسر قەرەباڵختر بن، چونکە کەشناسیی میسری پێشبینیی کردووە شەپۆلی گەرما تاوەکو کۆتایی مانگی تەممووز بەردەوام دەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ