رووداو دیجیتاڵ
بەرنامەی هاریکاری نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق ناسراو بە یونامی، هۆشداری دەدات لەوەی عێراق زیاتر رابکێشرێتە نێو ململانێکانی ناوچەکە و شەڕ و پێکدادانەکانیش لە کۆنترۆڵ دەربچن.
یونامی لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس راگەیێندراوێکی بڵاوکردووەتەوە و هۆشداری لەبارەی پەرچەکردارەکانی شەڕی غەززە داوە. لە راگەیێندراوەکەدا دەڵێت، "رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە بەردەم دووڕیانێکی هەستیاردایە و شەڕ لە غەززە هەیە و کردەوەی چەکداری لە شوێنەکانی دیکە هەڕەشەی هەڵگیرسانی جەنگێکی گەورە دەکەن."
یونامی دەڵێت، "سەرەڕای هەوڵەکانی عێراق بۆ رێگریکردن لە هەڵچوونی گرژییەکان، بەردەوامبوونی هێرشەکان کە لەناوەوە و دەرەوەی سنوورەکانی عێراق سەرچاوەیان گرتووە، ئەگەری هەیە ئەو سەقامگیرییەی کە بە زەحمەت بەدەست هاتووە، لەگەڵ ئەو دەسکەوتانەی بەمدواییانە بەدەست هاتوون، هەڵیانوەشێنێتەوە."
نەتەوەیەکگرتووەکان دەڵێت، "سەرنجی هەموو هەوڵێکیان بۆ کۆتاییهێنانە بە شەڕی غەززە و خۆ بەدوورگرتن لە هەچوونی گرژییەکان."
سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان بەردەوام داوای ئاگربەستی مرۆیی لە غەززە و گەیاندنی هاوکاری مرۆیی پێویست و رێزگرتنی تەواو لە یاسای مرۆیی نێودەوڵەتی دەکات. لەنێویاندا پارێزگاریکردن لە خەڵكی سڤیل و هەروەها ئازادکردنی بێ مەرجی سەرجەم بارمتەکانی دەستی حەماس.
بەرنامەی هاریکاری نەتەوەیەکگرتووەکان (یونامی) دووپاتیدەکاتەوە، کە عێراق کاری لەپێشینە و کرۆکی سەرجەم کارەکانیانە. داواش لە هەموو لایەک دەکات ئەوپەڕی دانبەخۆیاندا بگرن.
هۆشدارییەکەی یونامی لەکاتێکدایە، شەڕی ئیسرائیل و حەماس زیاتر لە 100 رۆژی تێپەڕاندووەو تا دێت گرژییەکانی ناوچەکە فراوانتر دەبن، حوسییەکانی یەمەن هێرشدەکەنە سەر ئیسرائیل و کەشتییە بازرگانییەکان لە سنوورە ئاوییەکان و ئێران هێرشی کردووەتە سەر هەرێمی کوردستان و سووریا و پاکستان و پاکستان وەڵامی هێرشەکانی داوەتەوە، بەیانی ئەمڕۆ شەممە ئیسرائیل هێرشی کردە سەر دیمەشق، بەگوتەی سەرچاوە لۆکاڵییەکان، لانی کەم 10 کەس کوژراون، لەنێویاندا دوو فەرماندەی سوپای پاسداران هەبوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ