لە یەک هەفتەدا 41 هەزار ئیسرائیلی داوای مۆڵەتی چەکهەڵگرتنیان کردووە

20-12-2023
رێکار عەزیز @Rekar_Azeez
دووکانێکی چەکفرۆشتن لە ئیسرائیل
دووکانێکی چەکفرۆشتن لە ئیسرائیل
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

لە 7ـی ئۆکتۆبەرەوە دوای ئەوەی حەماس هێرشی کردە سەر ئیسرائیل، بازاڕی یایر ئیفراخی چەکفرۆش لە کەرتی رۆژئاوا جممەی دێت و زۆربەی کڕیارەکان خەڵکی سڤیلن. زۆربەی دووکانەکانی چەکفرۆشی لە ئیسرائیل قەرەباڵخیی زۆریان تێدایە.
 
یایر ئیفراخ، چەکفرۆش دەڵێت، "کە چەکت هەیە، دەتوانیت پارێزگاری لە خۆت بکەی، ئەگەر نەتبێت، هیچت پێناکرێت، بۆیە ئەو خەڵکانەی بەر لە 7ی ئۆکتۆبەر چەکیان هەبوو، ئەوەی لە کیبوتز و هەموو شوێنەکان روویدا، ئەوانەی کە چەکیان پێنەبوو، کەسانی ئاشتیخوازبوون و باوەڕیان بە چەک نەبوو، ئێستا باوەڕیان بە چەک هەیە. بۆچی؟ چونکە ئەوەی بەسەریاندا هات، پرسی پارێزگاریکردن بوو لە خۆی و خێزانەکەی."
 
ئیسرائیل دەرگەی مۆڵەتی چەکی بەسەر خەڵکی سڤیل واڵاکردووە. لە یەکەم هەفتەی دوای هێرشەکانی حەوتی ئۆکتۆبەر کە بووە هۆی کوژرانی زیاتر لە 1200 ئیسرائیلی، داوای 41 هەزار مۆڵەتی چەکهەڵگرتن کراوە، لەکاتێکدا پێشتر لە ساڵێکدا 38 هەزار داوا هەبووە.
 
بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل گوتی، "ئێمە دەزانین لە بەرامبەر ئەو کردەوە تیرۆریستییانەی کە یەک دەیەیە هەیە و تاوەکو پێش ئەمەش، چەندین خەڵکی سڤیلی خاوەن چەک حاڵەتی نەخوازراویان تێپەڕاندووە و رێگرییان لە کارەساتی گەورە کردووە."
 
لە ئسرائیل لە هەر 100 هەزار کەسێک، 6.7 یان چەک هەڵدەگرن، ئەمەش رێژەیەکی نزمە بەراورد بە ئەمریکا کە لەوێ لە هەر 100 هەزار کەسێک، 120.5یان چەک هەڵدەگرن.
 
شارەزایانی ئەمنی هۆشداریشیان لە زیادبوونی توندوتیژیی چەک داوە لە ئەگەری زیادبوونی چەک بەدەستی خەڵکی سڤیلەوە، نموونەیەکی بەرچاو مانگی رابردوو بوو کاتێک یوڤال کاستلمان، هاووڵاتیی سڤیلی ئیسرائیلی رووبەڕووی چەکدارێکی فەلەستینی بووەوە، بەڵام بەدەستی پۆلیسێکی ئیسرائیلی کوژرا کە وایزانیبوو لە بەرەی چەکدارەکانە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە