رووداو دیجیتاڵ
دادگەی ئوردن سزای بەندکردن و پێبژاردنی بەسەر دوو کەسدا سەپاند، کە بەپێی دادگەکە هەوڵیانداوە نزیکەی دوو ملیۆن حەبی هۆشبەری کاپتاگۆن لە سووریاوە بە قاچاخ ببەنە وڵاتەکەوە.
رۆژی پێنجشەممە 15ـی کانوونی یەکەمی 2022، سەرچاوەیەک لە دادگەی ئوردن بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاند، یەکێک لە تاوانبارەکان خەڵکی سووریایە و بە 20 ساڵ بەندکردن و پێبژاردنی 20 هەزار دیناری ئوردنی کە دەکاتە 28 هەزار دۆلاری ئەمریکی سزادراوە. ئەوەی دیکەشیان خەڵکی ئوردنە و بە 10 ساڵ بەندکردن و پێبژاردنی 10 هەزار دیناری ئوردنی، کە دەکاتە 14 هەزار دۆلاری ئەمریکی سزادراوە.
هەردوو تاوانبارەکە، کە تائێستا ناوەکانیان بڵاونەکراوەتەوە، بەگوێرەی سەرچاوەکە، لە ساڵی 2021دا هەوڵیانداوە نزیکەی دوو ملیۆن حەبی کاپتاگۆن لە سووریاوە بە قاچاخ ببەنە ئوردن.
حەبەکان، لەنێو سۆپایەکی داردا لەلایەن پۆلیسی بەدواداچوونی مادەی هۆشبەرەوە دەستیان بەسەردا گیراوە.
مانگی شوباتیش، سوپای ئوردن رایگەیاند، تۆڕێکی رێکخراو هەوڵیداوە مادەی هۆشبەر لە سنوورەکەیەوە بباتە ژوورەوە. گوتیشی، گرووپەکە لە رێگەی درۆن و بە هاوکاریی گرووپە چەکدارەکان ئەو کارەی کردووە.
کاپتاگۆن ئەمفیتامینێکە لە دەرمانێکی خەواندنی ناچاری دەردەهێندرێت، کە ئەو مادەیە پێشتر یاسایی بوو. کاپتاگۆن ئێستا بووەتە هۆشبەرێکی بەربڵاو لە وڵاتانی کەنداو، سعودیەش گەورەترین بازاڕیەتی.
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان، زیاتر لە 400 ملیۆن حەب لە ساڵی 2021 لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و دەرەوەی ئەو ناوچەیە دەستیان بەسەردا گیرابوو و چاوەڕوان دەکرێت ئەمساڵ زیاتریش بێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ