رووداو دیجیتاڵ
لە ئەبوزەبی پۆلیسی هاتووچۆ ئەو شۆفێرانە خەڵات دەکات کە سەرپێچی ناکەن و بە جوانی ئۆتۆمبێل لێدەخوڕن. ئەو پۆلیسانە سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆن، دەرچوونەکانیان ناوناوە، گەڕانی دڵخۆشی.
ئەو ئەرکە بە خالید عوبەید، ئەفسەری پۆلیس سپێردراوە و رۆژانە بەنێو شەقامەکانی ئەبوزەبیدا دەسوڕێتەوە، هەر شۆفێرێک ببینێت پابەندی رێنماییەکانی هاتووچۆیە، رایدەگرێت و خەڵاتی دەکات.
خالید دەڵێت، "گەڕانی دڵخۆشی دەستپێشخەریێکە لەلایەن پۆلیسی ئەبوزەبییەوە راگەیێندراوە و یەکەم جارە لە ئیمارات دەکرێتەوە. کاری لەپێشینەی پۆلیسی ئەبوزەبی بەهێزکردنی سەلامەتیی رێگەوبانە، ئەویش بە بڵاوکردنەوەی کولتووری پابەندبوون بە رێنماییەکانی شۆفێری و هاتووچۆ، ئەمەش لە رێگەی دڵخۆشکردنی خەڵکەوە."
سەرەتا شۆفێرەکان کە دەوەستێندرێن، دەترسن و وادەزانن سەرپێچیان کردووە و سزا دەدرێن، بەڵام کە خالید عوبەید خەڵاتیان دەکات، روویان دەگەشێتەوە.
ئەو ئەفسەرە دەشڵێت، "گەڕانی دڵخۆشی جیاوازە لە گەڕانی ئاسایی، ئەمە بریتییە لە وەستاندنی شۆفێرانی پابەند لەگەڵ ئەوانەی سزانەدراون. پابەندەکان دەوەستێنین و خەڵاتێکی بچووکیان دەکەین، بەڵام ئەو خەڵاتە گەورەترین هاندەرە بۆ ئەوەی زیاتر پابەند بن."
ئیمارات لە هەوڵێکی جیددی دایە بۆ باشترکردنی سەلامەتیی رێگەوبان و کەمکردنەوەی رووداوەکانی هاتووچۆ.
ساڵی 2008 لە ئیمارات 1072 کەس بە رووداوی هاتووچۆ گیانیان لەدەستدابوو، بەڵام ئەو ژمارەیە لە ساڵی 2021دا بۆ 381 کەس و لە ساڵی رابردووش بۆ 343 کەس دابەزی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ