رۆژهەڵاتی نێوەڕاست
دیمەنێکی 14ـی ئابی 2024 لە کەمپی نوسەیرات لە غەززە، دوای بۆردوومانێکی ئیسرائیل. وێنە: Eyad BABA / AFP
رووداو دیجیتاڵ
دانوستاندن بۆ گەیشتن بە ئاگربەستی غەززە لە دەوحە دەستیپێکرد و میدیای ئیسرائیل دەڵێت، چاوەڕوان دەکرێت گفتوگۆکان چەند رۆژێک بخایێنێت.
برێت مەکگۆرک، هاوئاهەنگیکاری کۆشکی سپی بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، بیڵ (ولیام) بێرنز، بەڕێوەبەری CIA، شێخ محەممەد جاسم، سەرۆکوەزیرانی قەتەر، عەباس کامل، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی میسر، دەیڤد بارنیا، سەرۆکی دەزگای مۆسادی ئیسرائیلی لە دانوستاندنەکان بەشدارن.
بزووتنەوەی حەماس لە گفتوگۆکەدا بەشدار نییە، بەڵام لە رێگەی نێوەندگیرەکانەوە پەیامی گەیاندووە و دەڵێت، دانوستاندنی نوێ ناکەن و لەسەر هەمان ئەو رێککەوتنە ماون کە پێشتر واژۆیان لەسەری کردووە.
کۆبوونەوە داخراوەکە دوای 10 مانگ لە شەڕ و پێکدادانی ئیسرائیل و حەماس دێت کە بەهۆیەوە زیاتر لە 40 هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە و مەترسیش هەیە شەڕەکە بەسەر ناوچەکەدا بڵاوبێتەوە، بەتایبەتی ئەگەر ئێران هەوڵی تۆڵەی کوژرانی ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی مەکتەبی سیاسی پێشووی حەماس لە تاران بکاتەوە.
کۆبوونەوەکان لە ناوچەیەک بەڕێوەدەچن کە هێزێکی زەبەلاحی ئەمریکای بۆ پارێزگاریکردن لە ئیسرائیل لە ئەگەری هێرشی فراوانی ئێران و هاوپەیمانەکانی لێ کۆکراوەتەوە.
بەرپرسانی حەماس کە ئیسرائیل بە سستکردنی گفتوگۆکان تۆمەتباردەکەن، راستەوخۆ لە گفتوگۆکانی رۆژی پێنجشەممە بەشدارنەبوون، بەڵام نێوەندگیران پلانیان داڕشت کە بۆ هەر بابەتێکی پەیوەست بە ئاگربەستی غەززە راوێژ بەو بەرپرسانەیان بکەن کە لە دەوحە نیشتەجێن.
حەماس و ئیسرائیل هەردووکیان یەکدی بە كشستخواردنی گفوگۆکانی رابردوو تۆمەتباردەکەن، بەڵام هیچ کامیان بەدووریان نەزانی لەم گەڕەی دانوستاندن رێکبکەون.
سەرچاوەیەک لەنێو شاندی دانوستانکاری ئیسرائیل بە میدیای گوتووە، بنیامین نەتەنیاهوو لەم گەڕەدا لەسەر چەندین بابەت دەستی دانوستاندنکارە ئیسرائیلییەکانی واڵا کردووە.
ئیسرائیل و حەماس لەسەر چارەنووسی هێزەکانی ئیسرائیل لە غەززە و چۆنییەتی ئازادکردنی بارمتەکان و هەروەها سنووردارکردنی رێگاکانی غەززە ناکۆکن.
بەر لە گفتوگۆکانی رۆژی پێنجشەممە، حەماس کە دەستوەردانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە دۆخی دوای شەڕ لە غەززە رەتدەکاتەوە، بە نێوەندگیرانی گوتووە، بە پێشنیازێکی "جیدی" کە هاوتەریب بێت لەگەڵ پێشنیازەکانی پێشووتری، ئەوا لە دانوستاندن بەردەوام دەبن.
سامی ئەبو زوهری، بەرپرسی باڵای حەماس بە میدیای راگەیاند، بزووتنەوەکەیان پابەندە بە پرۆسەی دانوستاندن و داواشی لە نێوەندگیران کرد ئیسرائیلیش ناچار بەو پڕۆژە پێشنیازە بکەن کە سەرەتای مانگی تەمووز لەسەری رێککەوتوون کە جەخت کۆتاییهاتنی شەڕ و کشانەوەی هێزەکانی ئیسرائیل لە غەززە دەکاتەوە.
لە کاتێکدا دانوستاندکاران لە قەتەر سەرقاڵی گفتوگۆ بوون، لە غەززە شەڕ و پێکدادان بەردەوام بوو، چەندین شوێن لە رەفەح و خان یونس لەلایەن فرۆکەجەنگییەکانی ئیسرائیل کرانە ئامانج. رۆژی پێنجشەممە بەرپرسانی فەڵەستینی لە کەرتی غەززە رایانگەیاند، زیاتر لە 40 هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە، 2.3 ملیۆن کەسیش ئاوارەبوونە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ