15-01-2025
22:53
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئەمریکا لە دوا رۆژەکانی سەرۆکایەتیدا رێککەوتنی ئاگربەستی جەنگی غەززەی راگەیاند و گوتی، بەو رێککەوتنە دڵخۆشە. راشیگەیاند ئەو لەمانگی ئایاری پار ئەو ئاگربەستەی پێشنیاز کردووە و وڵاتانی جیهان پشتیوانیان کردووە.
رۆژی چوارشەممە 15ـی کانوونی دووەمی 2025، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لەدوای راگەیاندنی رێککەوتنی ئاگربەستی جەنگی غەززە لەلایەن سەرۆکوەزیرانی قەتەر، لە کۆشکی سپی گوتارێکی لەبارەی ئاگربەستەکە پێشکێشکرد و رایگەیاند، قۆناخی یەکەمی ئاگربەستەکە بۆ ماوەی شەش هەفتە دەبێت و لە قۆناخی سێیەمیشدا دەبێت سەرجەم بارمتەکان بەزیندوو و مردووەکانەوە ئازاد بکرێن.
ئاگربەستەکە رۆژی 19ـی ئەم مانگە دەکەوێتە واری جێبەجێکردنەوە، بایدن ئاگربەستەکەی بە دەستکەوتی خۆی ناوبرد و گوتی: "من پێشنیازی ئەم ئاگربەستەم کرد و وڵاتانی جیهانیش پشتیوانیان کرد."
بایدن خۆشحاڵی خۆی بە رێککەوتنەکە دەربڕی و گوتی: "ستایشی هەوڵە دیپلۆماسییەکانی ئەمریکا لەو رێککەوتنە دەکەم." گوتیشی: "ئەم ئاگربەستە شەڕ بەتەواوەتی لە غەززە رادەگرێت و بارمتەکانیش بە کەسوکاریان شاد دەکاتەوە."
یەکەم رۆژی ئاگربەست دوا رۆژی سەرۆکایەتیی بایدن دەبێت لە کۆشکی سپی، بایدن گوتی: "بەشێک لەو بارمتانەی ئازاد دەکرێن هاووڵاتییانی ئەمریکیشی تێدایە."
سەرۆکی ئەمریکا ئاشکراشی کرد: "لەکاتی شەڕدا دووجار رێگریمان کرد ئێران هێرش بکاتە سەر ئیسرائیل."
بایدن لەبارەی گفتوگۆکانی ئاگربەستەکە رایگەیاند، "رێگەی رێککەوتنەکە ئاسان نەبووە" و یەکێک بووە لە سەختترین ئەو گفتوگۆیانەی ئەزموونی کردووە.
سەرۆکی ئەمریکا لەبارەی هەوڵەکانیش بۆ راگەیاندنی ئاگربەستەکە رایگەیاند، لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا وەکو "یەک تیم" کاریان کردووە.
سەرۆکی ئەمریکا ئاشکراشی کرد: "لەکاتی شەڕدا دووجار رێگریمان کرد ئێران هێرش بکاتە سەر ئیسرائیل."
22:49
کێ چاودێریی ئاگربەستەکە دەکات؟
گردبوونەوەی خەڵک لەسەر شەقامەکانی تەلئەڤیڤ دوای راگەیاندنی ئاگربەستی غەززە. وێنە: AFP
محەممەد بن عەبدولرەحمان، سەرۆکوەزیرانی قەتەر دەڵێت، ئەوان و ئەمریکا و میسر چاودێریی ئاگربەستەکە دەکەن.
سەرۆکوەزیرانی قەتەر رایدەگەیێنێت، تیمێکی هاوبەش کە لە ئەمریکا، قەتەر و میسر پێکدێن، چاودێریی جێبەجێکردنی ئاگربەستەکە دەکەن.
سەرۆکوەزیرانی قەتەر دەشڵێت، لەسەر هەموو شتێک رێککەوتوون و هیچ شتێک نەماوەتەوە.
زیاتر بخوێنەوە
22:27
لە ماوەی 15 مانگی جەنگی غەززە چەند کەس کوژراون؟
وێنەیەکی ئەرشیفی خەڵکی غەززە کە لەژێر داروپەردووی باڵەخانەیەک بەدوای ئەو کەسانە دا دەگەڕێن کە گیانیان لەدەستداوە.
تەندرووستی کەرتی غەززە دەڵێت، تاوەکو پێش راگەیاندنی ئاگربەستەکە، 46 هەزار و 706 کەس لە ئەنجامی هێرشەکانی ئیسرائیل کوژراون.
ئیسرائیلیش پێشتر رایگەیاندبوو، لە هێرشی 7ـی ئۆکتۆبەری 2023، حەماس 1200 کەسی لەنێو وڵاتەکەی کوشتووە و تاوەکو ئێستاش 840 سەربازیان لە جەنگەکە کوژراون. هەروەها 251 کەسی دیکەشیان بە بارمتە گیراون.
22:26
بزووتنەوەی حەماس دەڵێت، "ئاگربەست لە ئەنجامی خۆڕاگریی ئەفسانەیی گەلی فەلەستین و بەرخودانی بوێرانەی ئێمە بوو لە غەززە". دەشڵێت، بۆ ئەوەی گوشار لەسەر گەلەکەیان کەم بێتەوە، بە ئاگربەست رازی بوون.
بزووتنەوەی حەماس لەبارەی راگەیاندنی ئاگربەست، راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، رێککەوتنەکە و راگرتنی "دووژمنکاریی" سەر خەڵکی فەلەستین و کەرتی غەززە، "خاڵی وەرچەرخانە لە رووبەڕووبوونەوەی دووژمن بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانمان".
حەماس باس لەوە دەکات، "لەپێناو کەمکردنەوەی گوشار لەسەر گەلی سەربەرزی غەززە بۆ راگرتنی دەستدرێژیی زایۆنییەکان و کۆتاییهێنان بە کۆمەڵکوژی"، بە ئاگربەست رازی بوون.
حەماس هەروەها گوتی، "ئەمە رێگە خۆشکەر بوو بۆ بەدیهێنانی خواستی گەلەکەمان بۆ ئازادی."
22:06
قەتەر: لە قۆناخی یەکەمی ئاگربەستەکە 33 بارمتەی ئیسرائیل ئازاد دەکرێن
محەممەد بن عەبدولرەحمان، سەرۆکوەزیرانی قەتەر.
محەممەد بن عەبدولرەحمان، سەرۆکوەزیرانی قەتەر رایگەیاند، ئەمە دوایین پەڕی جەنگەکە دەبێت و کاری ئێمە بەردەوامدەبێت."
سەرۆکوەزیرانی قەتەر لەبارەی قۆناخەکانی ئاگربەستەکە رایگەیاند، قۆناخی یەکەمی ئاگربەستەکە 33 بارمتەی ئیسرائیلی رزگاردەکرێن.
22:04
سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، شەڕ لە غەززە دەوەستێت، هاوکارییە مرۆییەکان بۆ غەززە زیاد دەکەن و بارمتەکان بە خێزانەکانیان شاد دەبنەوە لەدوای زیاتر لە 15 مانگ لە دیلبوونیان.
جۆ بایدن باس لەوەش دەکات کە هەوڵە دیپلۆماسییەکانی بۆ بەدەستهێنانی ئاگربەست نەوەستاوە.
زیاتر بخوێنەوە
21:54
وڵاتی قەتەر، ئاگربەستی ئیسرائیل و حەماسی پشتڕاستکردەوە و رایگەیاند، لە رۆژی یەکشەممە 19-1-2025، ئاگربەستەکە دەستپێدەکات.
21:42
حەماس داوا لە خەڵک دەکات تاوەکو دەستپێکردنی ئاگربەست لە شوێنەکانی خۆیان بمێننەوە
ژمارەیەک چەکداری بزووتنەوەی حەماس لەنێو شەقامەکانی خان یونس. وێنە: AFP
بزووتنەوەی حەماسی فەلەستینی داوا لە خەڵکی کەرتی غەززە دەکات، تاوەکو ئاگربەستەکە بە فەرمیی دەستپێدەکات لە شوێنی خۆیان بمێننەوە و کاتی دەستپێکردنیش لە خۆیان وەربگرن.
21:37
ئۆفیسی بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لەبارەی ئاگربەستەوە رایگەیاند، "هەرچەندە چەندین پرسی رێککەوتنەکە بە چارەسەر نەکراوی ماونەتەوە" و دەبێت چارەسەر بکرێن، بەڵام هیوادارن لە چەند کاژێرێری داهاتوودا ئەو پرسانە کۆتایی پێبێن.
21:16
کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەورووپا: پێشوازی لە رێککەوتنی ئازادکردنی بارمتەکان دەکەین
دڵخۆشیی خەڵکی فەلەستین لە خان یونس، دوای راگەیاندی ئاگربەست. وێنە: AFP
دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا رایگەیاند، بەم زووانە رێککەوتنی ئازادکردنی بارمتەکان ئەنجامدەدرێت، کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەورووپا رایگەیاند، "پێشوازیی لە رێککەوتنی ئازادکردنی بارمتەکان دەکەین."
زیاتر بخوێنەوە
21:07
خەڵکی فەلەستین بەبۆنەی ئاگربەست ئاهەنگدەگێڕن
دوای ئەوەی بزووتنەوەی حەماس رایگەیاند، بە ئاگربەست رازیبووە، خەڵکی فەلەستین رژانە سەر شەقامەکان و ئاهەگدەگێڕن و لەسەر شەقامەکان نوێژی سوپاسگوزاری دەکەن.
زیاتر بخوێنەوە20:30
ئیسرائیل و حەماس لەسەر ئاگربەست رێککەوتن
منداڵێک لە کەرتی غەززە پێدەکەنێت. گرافیک: رێزدار شاخەوان- رووداو
رووداو دیجیتاڵ
بزووتنەوەی حەماس دەڵێت، بە راگەیاندنی ئاگربەست لە غەززە رازی بووە و ئەوەشیان لەڕێگەی شاندێکەوە بە نێوەندگیرەکان گوتووە.
بزووتنەوەی حەماس دەڵێت، "وەڵامی خۆمان بە لایەنەکانی دانوستاندنکار پێشکێشکردووە". دەشڵێت، رازی بوون لەسەر گۆڕینەوەی دیلەکان.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا دەڵێت، "رێککەوتنمان بۆ بارمتەکان هەیە و بەزوویی ئازاد دەکرێن. سوپاس"
لەو کاتەوەی جەنگی غەززە لە ئۆکتۆبەری 2023ـەوە دەستیپێکردووە، هەریەکە لە قەتەر، میسر و ئەمریکا وەکو نێوەندگیر هەوڵی رازیکردنی لایەنەکان دەدەن بۆ ئەوەی بە ئاگربەست لە غەززە رابگەیێندرێت.
بەگوێرەی دوایین راگەیێندراوی تەندروستیی کەرتی غەززە، تاوەکو ئەمڕۆ 46 هەزار و 706 کەس لەو کەرتە کوژراون.
سوپای ئیسرائیلیش دەڵێت، 840 سەربازی وڵاتەکە لە جەنگی غەززە کوژراون. دەشڵێت، 1200 کەس لە هێرشی 7ـی ئۆکتۆبەری 2023 کوژراون.
بەگوێرەی سوپای ئیسرائیل، 251 کەسیش بە دیل گیراون.
بەگوێرەی میدیای ئەمریکا، ئاگربەستەکە لەسەر بنەمای دەستپێشخەرییەکەی جۆ بایدنە کە لە کۆتایی مانگی ئایاری پار بە زۆرینەی دەنگ لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان پەسند کرا.
بەگوێرەی رەشنووسی پێشنیازەکە، ئاگربەستەکە سێ قۆناخ دەبێت؛ لە یەکەم قۆناخدا ئاگربەست بۆ 42 رۆژ بەردەوام دەبێت. لەو ماوەیەدا حەماس 33 بارمتە ئازاد دەکات، کە لە نێویاندا پێنج ژنە سەربازی ئیسرائیلی هەن. لە بەرامبەردا سەتان گیراوی فەلەستینی لەلایەن ئیسرائیلەوە ئازاد دەکرێن.
لە بەرامبەر ئازادکردنی پێنج ژنە سەربازەکە، ئیسرائیل 50 گیراوی فەلەستینی ئازاد دەکات، کە 30 کەسیان لە گرووپە چەکدارەکانی فەلەستیندا بەرپرسن و سزای زیندانی تاهەتاییان بەسەردا سەپێندراوە.
هەر لە قۆناخی یەکەمدا بڕیارە سوپای ئیسرائیل لە ناوەندە سڤیلنشینەکانی کەرتی غەززە بکشێتەوە و فەلەستینییەکانیش رێگەیان پێدەدرێت بگەڕێنەوە بۆ شوێنی خۆیان لە باکووری کەرتی غەززە.
لەو 42 رۆژەدا هاوکارییە مرۆییەکان بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد دەکرێن و بڕیارە هەر رۆژێک 600 بارهەڵگری هاوکاریی مرۆیی بچێتە نێو غەززە.
لە رەشنووسی پێشنیازەکەدا هاتووە، لە قۆناخی دووەمدا تەواوی بارمتە زیندووەکان ئازاد دەکرێن، لە بەرامبەردا سەتان گیراوی فەلەستینی ئازاد دەکرێن. حەماسیش جەخت لە کشانەوەی سوپای ئیسرائیل لە کەرتی غەززە دەکاتەوە، بەڵام ئیسرائیل هێشتا بەم داوایەی حەماس رازی نییە.
هەربۆیە هێشتا لایەنەکان لەسەر قۆناخی دووەمی پێشنیازی ئاگربەستەکە رێکنەکەوتوون و بڕیارە لە قۆناخی یەکەمدا قسەی زیاتری لەسەر بکەن.
قۆناخی سێیەم و کۆتایی ئاگربەستەکەش بریتییە لە رادەستکردنەوەی تەرمی بارمتەکان، لە بەرامبەردا پلانێکی 3 بۆ 5 ساڵەی ئاوەدانکردنەوەی کەرتی غەززە بە چاودێریی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەڕێوەدەچێت.
جەنگی غەززە زیاتر لە 15 مانگە بەردەوامە و بەگوێرەی بەرپرسانی کەرتی غەززە، ئەو جەنگە بووەتە هۆی کوژرانی زیاتر لە 46 هەزار کەس کە 70%یان ژن و منداڵ بوون، هەروەها نزیکەی دوو ملیۆن فەلەستینییش لە کەرتەکە ئاوارە بوون.
ئیسرائیل دەڵێت، لانیکەم 17 هەزار چەکداری حەماسی لەو جەنگەدا کوشتووە و لە بەرامبەردا سوپای ئیسرائیل کوژرانی 407 سەربازی لەنێو غەززە راگەیاندووە.
نوێدەکرێتەوە..