رووداو دیجیتاڵ
شەڕی ئیسرائیل و حەماس پێی نایە رۆژی 100ـەم و ژمارەی قوربانییەکانیش تادێت روو لە هەڵکشانە. هاووڵاتییانی فەڵەستینی لە شاری رەفەح لە باشووری غەززە لەنێو داروپەردوودا بەدوای پاشـماوەی رەنجی چەندین ساڵەی خۆیاندا دەگەڕێن، کە لە چەند چرکەیەکدا لە هێرشی ئیسرائیل بووە بە تۆز و خۆڵ.
سەمیر قشتە، هاووڵاتیی غەززە بۆردوومانەکانی ئیسرائیل هەموو خەونەکانی لەباربردووە، لەسەر داروپەردووی ماڵە خاپووربووەکەی دەڵێت، "ئەمە ماڵی منە کە من و منداڵەکانم تێیدا دەماینەوە. پلانمان هەبوو ژن بۆ کوڕەکەم بهێنین و لەو خانووە بمێنێتەوە کە خۆم بۆم ئامادە کردبوو. ئێمە خەڵکی ئاشتیخوازین، بەڵام ئەوان بەبێ ئاگادارکردنەوە لێیان داین."
هەر لە رەفەح و لەبەردەم نەخۆشخانەی نەجاڕ، خەڵک دەچن تەرمی ئازیزانیان بناسنەوە، کە لە بۆردوومانەکانی ئیسرائیلدا بۆسەر غەززە کوژراون. لەنێو تەرمەکاندا منداڵێک سەرنجی هەمووانی راکێشا کە نانە رەقەیەکی بەدەستەوەیە و لەو کاتەدا کوژراوە.
بەسام عەرەفە، هاووڵاتیی غەززە لەبارەی ئەو منداڵەوە دەڵێت، "چی کردبوو لەوان؟ بە برسێتی و بەو نانە رەقەی نێو دەستیەوە مرد. ویستمان نانەکە لە دەستی دەربهێنین، بەڵام تووند گرتبووی. ئایا ئەوە مقاوەمەیە؟ ئەمە ئامانجی نەتانیاهووە؟ ئەمە ئەو مقاوەمەیە ئەوان لە غەززە بە ئامانجی دەگرن، تەنیا منداڵن."
هەر رۆژێک بەسەر غەززەدا تێدەپەڕێت، واتە نوێژێکی دیکە لەسەر پۆلێک تەرم.
بەگوێرەی دوایین ئاماری تەندروستیی کەرتی غەززە، دوای 100 رۆژ لە شەڕی ئیسرائیل و حەماس، نزیکەی 24 هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە، کە دوو لەسەر سێیان ژن و منداڵن.
تائێستاش هیچ ئاسۆیەک بۆ راگەیاندنی ئاگربەست دیار نییە و هەردوولا رژدن لەسەر بەردەوامبوون لە جەنگ.
بە وێنە؛ جەنگی ئیسرائیل و حەماس پێی نایە رۆژی 100ـەم و ئیسرائیل لە بۆردوومانەکانی بۆسەر کەرتی غەززە بەردەوامە pic.twitter.com/qQ9eOhvow1
— Rudaw (@Rudawkurdish) January 14, 2024
درێژترین و سەختترین جەنگی حەوت دەیەی رابردوو
لە ساڵی 1948ـەوە ئەم جەنگەی نێوان ئیسرائیل و حەماس، درێژترین و سەختترینی حەوت دەیەی رابردوو بووە و ئاسۆی کۆتاییهاتنیشی دیارنییە؛ ناوچەکەشی کەم تاوەکو زۆر خستووەتە نێو ململانێیەکی دیکەوە.
هەرچەندە بە زۆرینەی دەنگ، ئیسرائیلیەکان پشتیوانی لە شەڕ دژی حەماس دەکەن، بەڵام بەهۆی ئەو جەنگەوە دۆخی ئیسرائیل وەکو پێشتر نییە. خەڵک لەنێو شۆکدان، ماڵباتی کوژراوەکان لە پرسە و ماڵباتی بارمتەکانیش بە هەمان شێوەن؛ پۆستەری بارمتەکان لە شەقام و شوێنەکانی ئیسرائیل دانراون، میدیای ئیسرائیل بەردەوامە لە گێڕانەوەی ئەو چیرۆکانەی دوای حەوت مانگ لە سوپا، لەنێو خەڵکدا هەن بۆ بەرگری لە ناوچەکان، گفتوگۆی زۆر کەمیش هەن لەبارەی چیرۆکەکانی نێو غەززە یان قۆناخی دوای حەماس لە غەززە، کە جارجارە باس دەکرێت.
هاوکات لەگەڵ ئەوەشدا غەززە خۆی لە دۆخی پێش جەنگدا خراپ بوو، بە جەنگیش یەکجاری بووە وێرانە. 1%ی دانیشتووانەکەی کوژراون، کە تائێستا نزیکەی 24 هەزار کەس دەبن لە کۆی 2.3 ملیۆن دانیشتوو.
جەیمن ڤان دێن هۆیک، شارەزا لە کۆلێژی Scher لە زانکۆی نیویۆرک دەڵێت، "نیوەی باڵەخانە و ماڵەکانی غەززە یان رووخاون یان زیانیان بەرکەتووە، دۆخی وێرانەیی غەززە لە هەموو ئاستێک دەرچووە."
بۆ دۆخی مرۆییش، یەک لەسەر چواری دانیشتووانی غەززە خەریکە لە برسان دەمرن، تەنیا 15 نەخۆشخانە لە کۆی 36 نەخۆشخانە کار دەکەن. نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، سیستمی تەندروستی خەریکە دەڕووخێت.
دۆخی وڵاتان پێکەوە بەستراوەتەوە
لەوەتەی جەنگەکە روویداوە، پاش کەمتر لە دوو هەفتە لە دەستپێکردنی، هێرشەکان بۆ سەر بنکەکانی ئەمریکا دەستیان پێکرد، کە بنکەکان و کەشتییەکانی گرتنەوە لە دەریای سوور. هێشتا هەڕەشەی هەڵکشانی دیکە هەیە، نزیکترین وڵاتی پڕ ئاڵۆزی لەوبارەوە لوبنانە، دەریای سووریش بووەتە بەرەیەکی ململانێ و شەڕ لەنێوان حوسییەکان و وەڵامدانەوەی ئەمریکا و وڵاتانی رۆژئاوا، لەولاشەوە سووریا و عێراق لەژێر درۆن و مووشەکی گرووپە چەکدارەکان بۆسەر بنکەکاندان، لەگەڵیدا ژمارەیەک وەڵامدانەوەی ئەمریکا لەوبارەوە.
پلانی پاش جەنگ دیار نییە
هەرچەندە جارجارە باس دەکرێت، بەڵام لەبەر ئەوەی کاتی کۆتایی جەنگ دیار نییە، قۆناخی دوای جەنگ و دۆخی غەززە دوای جەنگ تەنیا لە چوارچێوەی قسە ماوەتەوە، ئیسرائیل رەتی دەکاتەوە حەماس هیچ دەستێکی لە قۆناخی دوای جەنگ هەبێت، ئەمریکا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەیانەوێت دەسەڵاتی فەڵەستین رۆڵی هەبێت بە ئامانجی گەیشتن بە چارەسەری "دوو دەوڵەت"، بەڵام ئیسرائیل ترسی هەیە حەماس دووبارە شارەکە کۆنترۆڵ بکاتەوە، بۆیە لەنێوان بێ متمانەیی بە قۆناخی دوای جەنگ و داوای کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هیچ شتێک بۆ دۆخی غەززە دیار نییە لە داهاتوودا.
حکومەتی ئیسرائیل روو لە هەر دەرگەیەک دەکات بۆ ئەو پرسە لە وڵاتانی عەرەبی، کە لە قۆناخی ئاساییکردنەوەی پەیوەندی بوو لەگەڵیان، دۆخی غەززەی لەبەردەم دادەنێن، ئەوەش بووەتە تەنیا بژاردەی چارەسەرکردنی ئەو پرسە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ