رووداو دیجیتاڵ
سوپای ئیسرائیل نەخۆشخانەی شیفا گەمارۆ دەدات و ئامانجی گەورەی تەواوکردنی کۆنتڕۆڵی نیوەی باکووری کەرتی غەززەیە، پزیشکانیش هۆشداری دەدەن و دەڵێن، بەهۆی شەڕ و نەمانی سووتەمەنییەوە چەندین تازە لەدایکبوو مەترسی مردنیان لەسەرە.
ئەشرەف قەدرە، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی غەززە لەنێو نەخۆشخانەی شیفا بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، لەماوەی سێ رۆژی رابردوودا 32 نەخۆش گیانیان لەدەستداوە، لەنێویاندا منداڵی تازە لەدایکبوو هەن، هەمووشی بەهۆی گەمارۆ و بڕانی کارەبای نەخۆشخانەوە بووە.
ئێستا 650 نەخۆش لەنێو نەخۆشخانەی شیفا ماون، لەنێویاندا 39یان منداڵن، پزیشکان دەڵێن زۆر پێویستە بگوازرێنەوە بنکەی تەندروستی سەر بە خاچی سوور یاخود ئاژانسە نێودەوڵەتییەکانی دیکە.
ئیسرائیل دەڵێت، نەخۆشخانەی شیفا کەوتووەتە سەر یەکێک لە دەروازە هەرە سەرەکیەکانی تونێلەکانی حەماس، دانیێل هەگاری، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی ئیسرائیل دەڵێت، حەماس نەخۆشخانە و شوێنە تەندروستییەکان وەکو قەڵغانی مرۆیی بەکاردەهێنێت.
دکتۆر ئەحمەد موخەلەلاتی، پزیشکی نەشتەرگەری لە نەخۆشخانەی شیفا بە میدیای رۆژئاوای راگەیاند، "تانک لەبەردەم نەخۆشخانەن، لەژێر گەمارۆی تەواوداین. ئەمە ناوچەیەکی تەواو سڤیلنشینە. تەنیا کەرەستەی نەخۆشخانە و نەخۆش و پزیشک و کەسانی سڤیل لێرە دەمێننەوە، پێویستە ئەم گەمارۆیە کۆتایی پێبهێندرێت".
سەرەتای هەفتە ئیسرائیل دەوروبەری نەخۆشخانەی شیفای کردە ئامانج، باس لە گیانلەدەستدانی چەندین کەس دەکرێت، هاوکات 12ی تشرینی دووەمی 2023، وەزارەتی تەندروستیی غەززە رایگەیاند، 11 هەزار و 240 کەس لە غەززە گیانیان لەدەستداوە، بەرپرسانی ئیسرائیلیش دەڵێن، لە 7ی ئۆکتۆبەرەوە 1200 ئیسرائیلی گیانیان لەدەستداوە، 46 سەربازیش لەوەتەی ئیسرائیل هێرشی زەوینی بۆ کۆنتڕۆڵکردنی غەززە دەستپێکردووە، کوژراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ