رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بەبۆنەی تێپەڕینی 100 رۆژ بەسەر شەڕی غەززە پەیامێکی ڤیدیۆیی بڵاوکردەوە و گوتی "لە شەڕی حەماس بەردەوام دەبین و نە دادگەی لاهای، نە سێکوچکەی شەڕانگێزی نامانوەستێنن" کە مەبەستی پێی حەماس و حووسییەکان و حیزبوڵڵای لوبنانییە.
بنیامین نەتەنیاهوو رژدبوونی خۆی لە بەردەوامیی شەڕ دووپاتکردەوە و گوتی، "تاوەکو سەرکەوتنی یەکجارەکی بەدەست نەهێنین، ناوەستین."
رۆژی 13ی کانوونی دووەمی 2024، 100 رۆژ بەسەر شەڕی ئیسرائیل و حەماس تێپەڕی ، بەگوێرەی دوایین ئاماری کەرتی تەندروستیی غەززە، زیاتر لە 23 هەزار و 700 فەلەستینی کوژراون.
دوای ئەوەی لە 7ی ئۆکتۆبەر چەکدارانی حەماس لە هێرشێکی چاوەڕواننەکراودا هەڵیانکوتایە سەر ئیسرائیل، شەڕی غەززە هەڵگیرسا و بەگوێرەی ئامارەکانی ئیسرائیل، 1200 کەسیان کوشت و زیاتر لە 220 کەسیشیان بە بارمتە گرت.
رۆژی پێنجشەممە، 11ی کانوونی دووەمی 2024 یەکەم دانیشتنی دادگەی دادی نێودەوڵەتی لە لاهایی هۆڵەندا لەبارەی ئەگەری ئەنجامدانی کۆمەڵکوژی لەلایەن ئیسرائیلەوە لە غەززە، بەڕێوەچوو. کۆبوونەوەی دادگەی لاهای لەسەر داوای ئەفریقای باشوور کرا کە سکاڵەی لەسەر ئیسرائیل تۆمارکردووە بەوەی جینۆسایدی لە غەززە ئەنجامداوە.
داکۆکیکارێکی مافی مرۆڤ لە دادگەی دادی نێودەوڵەتی دەڵێت، ئیسرائیل دوو بڕگەی مادەی دووەمی رێککەوتننامەی 1948ـی پێشێلکردووە و کۆمەڵکوژیی کردووە، خەڵکی ئازارداوە، دەستگیرکردووە و بێسەروشوێنکردووە.
عادیلە حاسم، داکۆکیکاری مافەکانی مرۆڤ و نوێنەری ئەفریقای باشوور لە چەند خاڵێکدا باسی ئەو بەڵگانەی کرد کە دەیسەلمێنن ئیسرائیل 'جینۆساید'ـی کردووە و پێشێلی بڕیارنامەی 1948ـی نەتەوە یەکگرتووەکانی کردووە کە تایبەتە بە تاوانی جینۆساید لە جەنگدا.
حاسم لە سەرەتای قسەکانیدا گوتی، "ئەفریقای باشوور سکاڵای تۆمارکردووە کە ئیسرائیل جینۆسایدی کردووە بە پێشێلکردنی مادەی دووەمی پەیماننامەکە و کردنی ئەو کارانەی دەکەونە پێناسەی جینۆسایدەوە."
حاسم دەڵێت، ئیسرائیل هەفتانە شەش هەزار بۆمبی بەسەر غەززەدا باراندووە، زیاتر لە 200 جار بۆمبی 907 کیلۆگرامیی لە باشووری غەززە داوە کە بانگەشەی ئەوەی دەکرد ئەوێ "شوێنێکی ئارامە".
بنیامین نەتەنیاهوو لە پەیامە ڤیدیۆییەکەیدا گوتی، "بەگوێرەی یاسای نێودەوڵەتی دەجووڵێینەوە و هێزی بەرگریی ئیسرائیل خۆی لە زیانی بێ سوود دەپارێزێت."
تال بێکەر، راوێژکاری یاسایی وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل لە دادگەی لاهای لە وەڵامی سکاڵاکەی ئەفریقای باشوور گوتی، "ئەگەر تاوانێکی جینۆساید کرابێت، ئەوا لە دژی ئیسرائیل کراوە."
ئەو راوێژکارە یاساییە گوتیشی، "ئەفریقای باشوور بەدوای ئەوەوەیە مافی بەرگریکردنی ئیسرائیل لەخۆی لەناوببات."
بێکەر ئەفریقای باشووری بە "بەستنی پەیوەندیی باش" لەگەڵ حەماس تۆمەتبارکرد، گوتی تەنانەت لەدوای رووداوەکانی 7ی ئۆکتۆبەر بەرپرسێکی باڵای حەماس سەردانی ئەفریقای باشووری کردووە بۆ بەدەستهێنانی هاوسۆزیی وڵاتەکە.
ئەفریقای باشوور تۆمەتەکانی ئیسرائیلی رەتکردەوە.
دادگەی دادی نێودەوڵەتیی ICJ بەرزترین دادگەی نەتەوە یەکگرتووەکانە و لە هۆڵەندایە. ئەو دادگەیە لە 1945 دامەزراوە و دانیشتنی لەسەر زۆر بابەتی گەرمی جیهانی هەبووە لەوانەش، جەنگی ئۆکراینا و سزاکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ