قەیرانی خۆراک بازاڕی فەلافل فرۆشانی کەرتی غەززەی گەرم کردووە

12-12-2023
رێکار عەزیز @Rekar_Azeez
فەلافل فرۆشێک لە خان یونسی غەززە.
فەلافل فرۆشێک لە خان یونسی غەززە.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

لەوەتەی شەڕ دەستی پێکردووە، سەعیدی فەلافل فرۆش هەموو بەیانییەک کاژێر 6:00 خۆی ئامادە دەکات. لەگەڵ دەبێت بە کاژێر 7:00، فەلافل سووردەکاتەوە و خەڵکێکی زۆر لێی کۆدەبنەوە.
 
سەعید نمرووتی دەڵێت، "لە فەلافل زیاتر، غەززە هیچی دی لێنەماوە؛ نە نان، نە خواردن، نە ئاوی خواردنەوە؛ ئاوەکەی سوێرە و ناتوانین بیخۆینەوە. کارەبا لە سەرەتای شەڕەوە هەمووی لە غەززە بڕاوە، تەنیا فەلافل ماوە."
 
بازاڕی هەموو فەلافل فرۆشێک بەمجۆرە گەرمە. خەڵک نۆرەی بۆ دەگرن و قەیرانی سووتەمەنیش ناچاریان دەکات بە دار فەلافل سووربکەنەوە.
 
محەممەد ئیسماعیل، دانیشتووی خان یونسە و دەڵێت، "ئێمە لێرە لە خان یونس کێشەی زۆرمان هەیە و ئێرەش ژمارەی دانیشتووانی زۆرە. کێشەی خواردن و خواردنەوە و هەموو پێداویستییەکی ژیان هەیە؛ تەنیا ئەم فەلافلەی لێماوە، ئەویش ئەگەر دەستت بکەوێت، ئەگەر یەکێک فەلافل بفرۆشێت دەبێ مەودایەکی زۆر ببڕی تا پێی بگەی."
 
لەوانەیە لێرە خەڵک فەلافلیان دەستبکەوێت، بەڵام جێگری بەڕێوەبەری بەرنامەی خۆراکی جیهانی کە سەردانی ناوچەکانی دیکەی کەرتی غەززەی کردووە، دەڵێت، "نیوەی دانیشتووان خەریکە لە برسا دەمرن".
 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە