رووداو دیجیتاڵ
پێنج ئەندامی خێزانێکی فەلەستینی لە غەززە لە هێرشێکی ئاسمانی ئیسرائیل گیانیان لەدەستدا کە لەنێویاندا ژن و منداڵ هەن.
بەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە پێنج ئەندامەکە لە نەخۆشخانەی ئەبو یوسف نەجار لە رەفەح لە یەک شوێن کفنکران، دواتر لە گۆڕێکی بە کۆمەڵدا بەخاکسپێردران.
کوژرانی پێنج ئەندامی خێزانەکە و 23200 کەسی دیکە لە غەززە هاوکاتە لەگەڵ دەستپێکردنی کۆبوونەوەی دادگەی دادی نێودەوڵەتیی لە لاهای لەبارەی سکاڵایەک کە ئیسرائلی بە ئەنجامدانی جینۆساید تۆمەتبار کردووە.
ئەفریقای باشوور دەستپێشخەرییەکەی کردووە و داوای لە دادگەی دادی نێودەوڵەتیی کردووە، بەگوێرەی پەیماننامەی 1948 بۆ رێگریکردن و بەسزاگەیاندنی تاوانی جینۆساید مامەڵە لەگەڵ کردەوەکانی ئیسرائیل بکات.
پەیماننامەکە لەدوای جەنگی دووەمی جیهانی و هۆلۆکۆست نووسرایەوە و هەریەک لە ئەفریقای باشوور و ئیسرائیل تێیدا ئەندامن. هەرچەندە لەوانەیە کەیسەکە چەندین مانگ بۆ چەندین ساڵ بخایەنێت، بەڵام ئەگەر جینۆساید لە غەززە پشتڕاستکرایەوە، دەکرێت پێگەی ئیسرائیل لە ئاست پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان گۆڕانکاریی بەسەردابێت.
شەڕی غەززە لە 7ی ئۆکتۆبەر بە هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل دەستیپێکرد، کە بووە کوژرانی زیاتر لە 1200 کەس و بەبارمتەگرتنی زیاترلە 200 کەس لە ئیسرائیل، دواتر ئیسرائیل هێرشی بەرفراوانی بۆ سەر غەززە دەستپێکرد بە مەبەستی لەناوبردنی حەماس، تاوەکو ئێستا زیاتر لە 23 هەزار کەس کوژراون کە زۆربەیان ژن و منداڵن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ