گالەری

 
رووداو دیجیتاڵ 

لە نێوەڕاستی قەڵای سەڵاحەدینی ئەیوبی لە قاهیرەی پایتەختی میسر دا، مۆزەخانەی نیشتمانیی پۆلیسی میسر هەیە، بەر لەوەی بچیتە نێو مۆزەخانەکە، وێنەی جلوبەرگی مێژوویی پۆلیسی میسر دانراوە کە لە قۆناخی پێش زایینەوە، تاوەکو سەردەمی نوێ وێنەیان هەن.
 
لە یەکێک لە وێنەکاندا نووسراوە پۆلیس لە سەردەمی دەوڵەتی ئەیوبیدا (1171-1250 زایینی)، باسی ئەو 80 ساڵە دەکات، کە دەوڵەتی ئەیوبی حوکمڕانیی میسری کردووە، ئەو دەوڵەتەی کە سوڵتان سەڵاحەدینی ئەیوبی دایمەزراند.
 
لەنێو وێنەکاندا یەکێکیان لەوانەی دیکە جیاوازتر دەردەکەوێت، زۆر لە جلوبەرگی ئێستای کوردی نزیکە کە پۆلیسی میسر کورتەک و شەرواڵ و پشدێن و جامانەیەکشی بەستووە.
 
ئەو وێنەیە رای جیاوازی لەسەر دروستبووە، تەنانەت لەنێو لێکۆڵەرانی میسر بۆچوونی جیاواز هەن، بەشێکیان دەڵێن ئەوە جلوبەرگ و شێوازی کوردییە و بەشێکی دیکەیان دەڵێن، ئەو شێوازی جلوبەرگە لەنێو نەتەوەکانی ئەو ناوچەیە هاوبەش بووە و لە یەک نزیک بووە.
 
حەسەن عەلی خان، شارەزا لە کولتووری کوردی، بەدواداچوونی بۆ ئەو جلوبەرگە کردووە و دەڵێت: "بە دڵنیاییەوە ئەو جلوبەرگە کوردییە، لە سەردەمی سەڵاحەدینەوە هەبووە، سەرەوەی پەستەکە، کە قۆڵی نییە و لە پێستە دروستکراوە و بەرگەی ئەوەی گرتووە خەنجەر نەیبڕێت، هەروەها خوارەوەی پشدێن و شەرواڵی کوردی بووە، شەرواڵەکە لای سەرەوەی گەورە و فراوان بووە، تاوەکو بتوانن لە کاتی راکردن جەستەیەکی کراوەیان هەبێت، لە خوارەوەش تەسکە ئەوە یارمەتی رۆیشتن و گورجوگۆڵییان دەدات".
 
حەسەن عەلی خان کە دەرهێنەری فیلمی مێژووییە، سەردانی میسری کردووە و لەسەر کاریگەریی کولتوور و جلوبەرگی کوردی گفتوگۆی لەگەڵ میسرییەکان کردووە، دەڵێت: "ئەو جلوبەرگەی سەردەمی ئەیوبییەکان، نە تورکییە، نە عەرەبییە، بەڵکو کوردییە و شێوازی جلوبەرگی کوردی بە سەدان ساڵ کاریگەری لەسەر میسرییەکان هەبووە، تاوەکو سەردەمی محەممەد عەلی پاشای میسر (1769-1849ز) هەر مابووە، رۆشنبیرانی میسریش باسی ئەو کاریگەریی کولتوور و جلوبەرگەیان لە میسر کردووە".
 
لە مۆزەخانەی نیشتمانیی پۆلیس، چەندین کەلوپەلی دەزگا ئەمنییەکانی میسری لەخۆگرتووە، بە کۆن و نوێوە، هەر لە خەنجەر و شمشێر و قەڵخانەوە، تاوەکو هەموو چەکێکی نوێی دەستی پۆلیس و ئەوانەی لە بنکەکانی پۆلیسدا بەکارهێنراون، هەروەها وێنەی ئەفسەر و تاوانبارانی بەنێوبانگی تێدایە، هۆڵێکیش بۆ نمایشکردنی کەرەستەی ئاگرکوژێنەوە تەرخان کراوە.
 
ئەو مۆزەخانەیە لە ساڵی 1986 بە ئامادەبوونی سەرۆکی ئەوکاتی میسر محەممەد حوسنی موبارەک کرایەوە، وێنەی وەزیرانی ناوخۆی ئەو وڵاتەی لە ساڵی 1878 ەوە تێدایە، کە ژمارەیان 53 وەزیرە. 
 
وێنەکان لە مانگی کانوونی دووەمی ئەم ساڵ گیراون.