569 کەس لە 155 خێزانی عێراقی کەمپی هۆلیان لە پارێزگای حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان جێهێشت و دەگەڕێندرێنەوە بۆ وڵاتەکەیان؛ ئەوەش بەپێی رێککەوتنی نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و حکومەتی عێراق.
ئەوانەی لەنێو کەمپی هۆلن، هاوژین و کەسوکاری چەکدارانی داعشن، ئەمەش 21ـەمین جارە کە عێراقییەکانی کەمپەکە دەگەڕێندرێنەوە؛ ئەم ساڵیش ئەوە چوارەم جارە کەسانی عێراقیی نێو کەمپەکە دەگەڕێندرێنەوە وڵاتەکەیان.
لە کەمپەکە دا هەزاران کەس لە کەسوکاری چەکدارانی داعش هەن. ئەوانەی دەگەڕێندرێنەوە عێراق، لە کەمپی جەدعە لە نزیک موسڵ نیشتەجێ دەکرێن، لەوێ پشکنینی ئەمنییان بۆ دەکرێت و بەشدارییان پێدەکرێت لە هەندێک پرۆگرام بۆ گەڕاندنەوەیان بۆنێو کۆمەڵگە، کە دەسەڵاتدارانی عێراق سەرپەرشتیی دەکەن.
بەپێی بەرپرسانی کەمپی هۆل، نزیکەی 15 هەزار عێراقی لە کەمپی هۆلن، بەپێی ئەو پلانانەی داڕێژراون، بڕیارە مانگانە دوو کاروان لە خەڵکی عێراق لە کەمپەکەوە بگەڕێندرێنەوە.
کەمپی هۆل، دەکەوێتە پارێزگای حەسەکە لە رۆژئاوای کوردستان، ئاوارەی سووریا و کەسوکاری چەکدارانی داعشی عێراق و بیانیی تێدایە. هەرچەندە عێراق لە هەوڵی گەڕاندنەوەی هاووڵاتییە عێراقییەکانی کەمپەکەیە، بەڵام بیانییەکانی کەمپەکە چارەنووسیان بە نادیاری ماوەتەوە.
وێنە: AFP