وەزیری دەرەوەی ئێران: کۆتایی شەڕی غەززە، کۆتایی دەسەڵاتی نەتەنیاهوو و کیانە زایۆنییەکەیەتی

10-02-2024
رێکار عەزیز @Rekar_Azeez
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێت، کۆتایی شەڕی غەززە کۆتایی دەسەڵاتی بنیامین نەتەنیاهووی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و کیانە زایۆنییەکەیەتی.
 
حوسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران، ئێوارەی ئەمڕۆ (شەممە، 10-2-2024) لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە باڵیۆزخانەی ئێران لە بەیرووت رایگەیاند، نەتەنیاهوو کۆشکی سپی وەکو بارمتەیەک بۆ مانەوەی خۆی لە دەسەڵات بەکاردێنێت.
 
وەزیری دەرەوەی ئێران گوتی "ئیسرائیل کۆمەڵکوژی لە کەرتی غەززەدا کردووە". بەرگریشی لە مقاومەی ئیسلامی و حەماس کرد و رایگەیاند "حەکیمانە بەرەوڕووی کۆمەڵکوژی ئیسرائیل وەستاونەتەوە."
 
شەڕی ئیسرائیل و حەماس دوای ئەوە سەریهەڵدا، کە لە 7ـی ئۆکتۆبەری 2023، بزووتنەوەی حەماس و گرووپە چەکدارەکانی حەماس هێرشێکی چاوەڕواننەکراویان کردە سەر ئیسرائیل و زیاتر لە  1150 کەسیان کوشت.
 
ئەمیر عەبدوڵڵاهیان گوتی، "ئەوەی لە غەززە روودەدات، هۆکارەکەی 7ـی ئۆکتۆبەر نییە، بەڵكو 75 ساڵەی داگیرکاریی ئیسرائیلە."
 
گوتەکانی ئەمیرعەبدوڵڵاهیان لە لوبنان لەکاتێکدایە، ئەمڕۆ بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە بەیرووت و لەگەڵ بەرپرسە باڵاکانی وڵاتەکە دۆخی ناوچەکەیان تاوتوێکرد. سەبارەت بەو هێرشانەی دەکرێنە سەر لوبنان، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند "حیزبوڵڵا دەتوانێت سەروەریی لوبنان بپارێزێت و ئیسرائیلیش ناتوانێت لە دوو بەرەدا شەڕبکات."
 
وەزیری دەرەوەی ئێران، جەختی کردەوە لەوەی ئێران هەرگیز بەدوای ئەوەوە نییە شەڕ بە ناوچەکە بڵاوبێتەوە، بەناوی عەبدوڵڵا بوحەیب، وەزیری دەرەوەی لوبنانیش قسەی کرد و گوتی وڵاتەکانمان شەڕ بە چارەسەر نازانین.
 
بەڵام هەڕەشەشی کرد بەوەی ئەگەر هێرشی فەرمیی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان دەستپێبکات "ئەوە، دەبێتە دوایین رۆژی بنیامین نەتەنیاهوو."
 
سەردانەکەی وەزیری دەرەوەی ئێران لەکاتێکدایە شەڕی ئیسرائیل و حەماس چوار مانگی تێپەڕاندووە و هیچ ئاسۆییەک بۆ کۆتاییهاتنی شەڕەکە دیارنییە، لەکاتێکدا تاوەکو ئێستا زیاتر لە 28 هەزار کەس لە غەززە گیانیان لەدەستداوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە