ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی سعودیە و ئێران لە بەرژەوەندیی کامیانە؟

07-06-2023
تاڵیب حشمەت @Talib_Aldalaui
A+ A-
  
رووداو - هەولێر

رۆژی 6ـی حوزەیرانی 2023، لە رێورەسمی کردنەوەی باڵیۆزخانەی ئێران لە سعودیە و بە ئامادەبوونی بەرپرسانی پلە دووی وەزارەتی دەرەوەی هەردوو وڵات، قردێلەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان بڕدرا. بە زمانی فارسی، پاشان بە عەرەبی، ئینجا بە ئینگلیزی لەسەر دیواری هۆڵی پێشوازییەکان ئاماژەیان بە کردنەوەی باڵیۆزخانەکە کرد.
 
رۆژی 6ـی حوزەیرانی 2023، عەلیرەزا بێگدلی، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ کاروباری کۆنسووڵخانە رایگەیاند: "ئێمە ئەم رۆژە بە رۆژێکی گرنگ لە پەیوەندی نێوان کۆماری ئیسلامی ئێران و سعودیە دەزانین، دڵنیاین بە هەڵکردنی ئاڵای ئێران لە سعودیە و ئاڵای سعودیە لە ئێران، پێکەوە کارکردنی هەردوو وڵات پێدەنێتە قۆناخێکی نوێوە."
چین رۆڵی هەبوو لە ئاساییکردنەوەی ئەو پەیوەندییە، هەنگاوی داهاتووی چین وەبەرهێنانی درێژخایەنە بە 400 ملیار دۆلار لە ئێران و وەبەرهێنانی مەودا مامناوەند بە سەرووی 30 ملیار دۆلار لە سعودیە.
 
ئاشتبوونەوەی تاران و ریاز، دەروازەکان بە رووی پەڕاوە هەڵپەسێردراوەکان واڵا دەکات، بە گوتەی ئێران، ئەو ئاساییبوونەوەیە ئەمریکای نیگەران کردووە؛ بۆیە بلینکن، دوای ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەکانی ریاز و تاران و دووەم سەردانی سعودیەی کردو محەمەد بن سەلمان، شازادەی جێنشین لە پێشوازیدا بوو.
 
رۆژی 6ـی نیسانی 2023، مائۆ نینگ، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین لەبارەی بەرەوپێشچوونی پەیوەندییە دیبلۆماسییەکانی تاران و ریازەوە گوتی: "چین پێشوازی لە گەڕانەوە و پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان سعودیە و ئێران دەکات، ئێمە وەک هاوڕێ و هاوبەشێكی باشی وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، پشتگیری لە بەرەوپێشبردنی سەقامگیریی و ئاسایشی ناوچەکە دەکەین".
 
رۆژی 2ـی کانوونی دووەمی 2016، سعودیە نەمر باقر نەمر، کەسایەتیی شیعە مەزهەبی لە سێدارە دا، ئەمەش ناڕەزایەتی هەزاران کەسی لێکەوتەوە. لە تاران خۆپیشاندان دژی سعودیە کرا، خۆپێشاندەران هەڵیانکوتایە سەر باڵیۆزخانەی سعودیە و ئاگریان تێبەردا. بەمەش پەیوەندییەکان پچڕان و باڵیۆزخانەکان داخران و شاندە دیپلۆماسییەکان گەڕانەوە وڵاتەکانیان.
 
کۆی ئەم رووداوانە چیمان پیدەڵێن؟
 
ئارش عەزیزی، شیکەرەوەی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان رۆژی 6ـی حوزەیرانی 2023، لە شیکاگۆوە سەبارەت بە کردنەوەی باڵیۆزخانەی ئێران لە سعودیە میوانی بوڵتەنی کۆرۆژی رووداو بوو، لە بارەی کاردانەوەی ئەمریکا بۆ کردنەوەی باڵیۆزخانەکە گوتی: "روون نییە کە ئەمریکا نیگەران بێت بە ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەکانی ئێران و سعودیە، لەلایەک ئەمریکا دڵخۆشە بەم رووداوە، ئەم رووداوە مانای ئەوەیە کە کێشمەکێش لە ناوچەکە کەمتر دەبێتەوە. هەروەها، سوودێکی دیکەی بۆ ئەمریکا ئەوەیە کە ئەمریکا لە رێگەی هاوپەیمانێکییەوە کە سعودیەیە دەتوانێت گفتوگۆ لەگەڵ ئێراندا بکات. ئەوەی ئەمریکا لێی نیگەرانە ئەوەیە چین نێوەندگیری ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەکانی کردووە."
 
ئارش عەزیزی  لەبارەی سەردانەکەی ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە هەمان رۆژی کردنەوەی باڵیۆزخانەکە گوتی: "سەردانەکەی بلینکن بەشێکی پەیوەستە بەوەی کە بە سعودیە بڵێت، چین کە ئەم نێوەندگیرییەی کردووە ئەو هاوپەیمانە نییە کە ئێوە بتوانن متمانەی پێبکەن و دەبێت لە مامەڵەکردن لەگەڵ چیندا ئاگاداربن." 
 
ئارش عەزیزی لە وەڵامی پرسیارێکی دڵدار هەرکی، بێژەری تۆڕی میدیایی رووداو کە لێی پرسی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی ئەو دوو وڵاتە، زیاتر لە بەرژەوەندی سعودیەیە یان ئێران؟ گوتی: "ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لە بەرژەوەندیی هەردوو وڵاتە، ئەوە کێشمەکێشی ناوچەکە کەمتر دەکاتەوە و یارمەتیدەری هەردوو وڵات دەبێت کە شەڕە گرانبەهاکەیان لە یەمەن کۆتایی پێبهێنن. تێچووی شەڕی نێوخۆی یەمەن بۆ سعودیە زیاترە، بەڵام کۆتاییهێنان بەو شەڕەش، یارمەتیدەری ئێران دەبێت کە بتوانێت پشوویەک بدات و کێشەکان کەمتر بکاتەوە."
گوتیشی، "بەگشتی ئەوە هەواڵێکی خۆشە بۆ ناوچەکە و بە تایبەتی خەڵک، تاوەکو پەیوەندییە دیبلۆماسییەکان زیاتر بن، ئەگەری شەڕ و کێشمەکێش کەمتر دەبێتەوە."
 
ئارش عەزیزی سەبارەت بە رۆڵی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست گوتی: "چەندین ساڵە ئەمریکا دەیەوێت رۆڵی لە ناوچەکە کەم بکاتەوە. لە سەردەمی ئۆباماوە ئەمە دەردەکەوێت، دواتر ترەمپ و ئێستاش بایدن ئامادەیی ئەمریکایان لە ناوچەکە کەمتر کردووەتەوە. ئەمریکا ئێستا فۆکەسی زیاتری لەسەر ئاسیا و دەوروبەری چینە، ئەمەش لەدوای دەستپێکی شەڕی ئۆکرایناوە تۆختر بووەتەوە."
 
ئارش عەزیزی رەتیکردەوە ئەمریکا رۆڵی لە نزیکبوونەوەی ئەو دوو وڵاتە و وڵاتانی دیکەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لەگەڵ یەکدی هەبێت و گوتی: "ئەمریکا نەک تەنیا لە نزیکبوونەوەی سعودیە و ئێران رۆڵی نەبووە، بەڵکو لە چەند ساڵی رابردوودا، لە کۆمەڵێک پەیوەندی دیبلۆماسی دیکەشدا رۆڵی نەبووە، بۆ نموونە؛ کاتێک قەتەڕ و سعودیەش ئاشتبوونەوە، ئەمریکا رۆڵێکی زۆر کەمی تێدا هەبوو. نزیکبوونەوەی ژمارەیەک وڵاتی عەرەبی و ئیسرائیلیش بەهۆی رۆڵی ئەمریکاوە نەبووە. گەڕانەوەی سووریاش بۆ کۆمکاری عەرەبی و ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ژمارەیەک وڵاتی عەرەبیدا، دووبارە بەهۆی ئەمریکاوە نەبووە."
 
سەبارەت بە بەرژەوەندیی چینیش لەو ئاشتبوونەوەیە، عەزیزی گوتی: "پێموایە لە بەرژەوەندیی چینە کە دۆخێکی هێورتر لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بێتە ئاراوە، چین پێویستی بە رێگەی هەناردەکردنی سەقامگیرترە، چونکە چین بەرژەوەندی لە هەناردەکردنی شمەک بۆ وڵاتانی کەنداو، ئیسرائیل و ئێرانیش هەیە، بەڵام بەراورد بە ئیسرائیل و وڵاتانی کەنداو، بەرژەوەندی لە پەیوەندیی ئابووری لەگەڵ ئێران کەمترە. ئەوەی چین لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەیکات بەشێکە لە بەرژەوەندییە بازرگانییەکانی کە چینی کردووەتە ئەکتەرێکی سەرەکیی نێودەوڵەتی.'' 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئامێری بێتەلی وۆکی تۆکی و پەیجەر. وێنە: AFP

تەندروستیی لوبنان: بەهۆی تەقینەوەی ئامێرەکانی بێتەلەوە 37 کەس گیانیان لەدەستداوە

وەزیری تەندروستیی لوبنان دوایین ئاماری تەقینەوەکانی 17 و 18ـی ئەم مانگەی ئامێرەکانی پەیوەندیکردنی بێتەلی لە وڵاتەکەی ئاشکراکرد کە تاوەکو کاژێر نزیکەی 3:00ـی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ 37 کەس گیانیان لەدەستداوە و 2,931 کەسیش برینداربوون، دەشڵێت تەندروستیی برینداربووانی تەقینەوەکەی چوارشەممە قورستر بوو.