بلینکن: دەبێت ئاگربەست ئازادکردنی بارمتەکانی ئیسرائیلی لێبکەوێتەوە

06-11-2023
رێکار عەزیز @Rekar_Azeez
ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە بەغدا گولـلەبەندی پۆشیبوو.
ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە بەغدا گولـلەبەندی پۆشیبوو.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
رۆژێکی دیکەی دووبارە لە ژیانی دانیشتووانی غەززە. ئەمجارە خەڵک لە کامپی جەبالیا راکەڕاکیانە بۆ رزگارکردنی قوربانییان لەدوای هێرشێکی ئاسمانی ئیسرائیل، بەڵام لەوکاتەی کوژراوو بریندارانیان دەگواستەوە، هێرشێکی دیکەی ئیسرائیل هەمووانی تاساند.
 
دانیشتوویەکی کامپی جەبالیا دەڵێت، "ئەمانە شەڕی خەڵکی سڤیل دەکەن، چونکە ئامانجەکانیان بەدەست نەهێنا و هیچیان بەدەست نەهێناوە".
 
لەوکاتەی خەڵک سەرقاڵی دەرهێنانی کوژراو و برینداربوون لەژێر داروپەردوو، ئانتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کە بە سەردانێکی چاوەڕواننەکراو لە عێراق بوو، گوتی، ئاگربەستی مرۆیی کاتیی، پێویستە دەرفەت بۆ ئازادکردنی بارمتەکان بڕەخسێنێت کە لە دەست حەماسدان.
 
"گرنگە کە ئاگربەستە کاتییەکان هەندێک شت بەرەو پێشببەن، لەنێویاندا بابەتی بارمتەکانە، ئێمە سەرنجی گەورەمان لەسەر ئەوەیە، ئەمریکا و وڵاتانی دیکەش کە خەڵکیان لەلایەن حەماسەوە بە بارمتە گیراون، چاویان لەوەیە بیانگەڕێننەوە وڵاتەکانیان"، ئانتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا وای گوت.
 
بلینکن هێشتا لە عێراق بوو، بۆردومانەکانی ئیسرائیل شەوی غەززەیان رووناککردەوە.
 
نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە کاتی سەردانی بنکەیەکی ئاسمانی جەختی کردەوە، هیچ ئاگربەستێکی مرۆیی راناگەیێنێت تاوەکو حەماس ئەو 242 بارمتەیە ئازاد نەکات کە حەماس دەڵێت 60یان لە هێرشەکانی ئیسرائیلدا کوژروان.
 
بە گوتەی وەزارەتی تەندروستی غەزە، کە حەماس بەڕێوەی دەبات، بەهۆی هێڕشەکانی ئیسرائیلەوە بۆ سەر کەرتی غەززە نزیکەی 10 هەزار فەلەستینی گیانیان لەدەستداوە، یەک لەسەر سێی ئەو ژمارەیە منداڵن، زیاتر لە 22 هەزار کەسیش بریندارن، دوو هەزار کەسیش بێ سەروشوێنن. لە بەرامبەردا 1405 ئیسرائیلی کوژراون.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە