رووداو دیجیتاڵ
لەو کاتەوەی شەڕی ئیسرائیل و حەماس هەڵگیرساوە، ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا چوارەم گەشتی بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەستپێکردووە.
لە یەکەم سەردانی ئەم گەشتەیدا، بلینکن لە ئیستەنبووڵ لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا کۆبووەوە.
ئەنتۆنی بلینکن رۆژی شەممە، 6ـی کانوونی دووەمی 2024، لە ئیستەنبووڵ کۆنفرانسی رۆژنامەڤانی نەکرد، بەڵام لە دوورگەی کریتی یۆنان بەرلەوەی بەرەو عەمانی پایتەختی ئوردن وڵاتەکە جێبهێلێت گوتی، "لە تورکیا سەرنجی فراوانمان خستەسەر ئەوەی تورکیا دەتوانێت بە بەکارهێنانی کاریگەری و پەیوەندییەکانی چی بکات بۆ ئەوەی رێگری لە بڵاوبوونەوەی شەڕ لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بکات. قسەمان لەسەر ئەو رۆڵەش کرد کە تورکیا دەتوانێت بیگێڕێت لە رۆژی دوای شەڕی غەززە لەوەی پەیوەندی بە پرسە پڕ ئاڵنگارییەکان هەیە، وەکو حوکمڕانی فەلەستینییەکان و بونیادنانەوە، هەروەها ئەوەی تورکیا دەتوانێت لەگەڵ ئەوانی دیکە بیکات بۆ ئەوەی ئاشتی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست درێژە بکێشێت."
ئەم سەردانەی بلینکن بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لەکاتێکدایە، مەترسی دەکرێت گرژییەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە کۆنتڕۆڵ دەربچن.
گرژییەکان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست پەرەسندنێکی خێرا و چاوەڕواننەکراو بەخۆیانەوە دەبینن، پێکدادان لەسەر سنووری ئیسرائیل و لوبنان زیادی کردووە، هێرشی گرووپە چەکدارەکان لە عێراق بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی ئەمریکا لە هەڵکشاندایە و حووسییەکان کەشتییە بازرگانییەکان لە دەریای سووور بە ئامانج دەگرن.
بلینکن لەوبارەوە گوتی: "بەڕای من روونە کە لە بەرژەوەندیی سەرجەم وڵاتانی ناوچەکەیە 'هەڵچوونی شەڕ' روونەدات، دەمانەوێ دڵنیا بین کە ئەو وڵاتانەی هاوڕان، پەیوەندی و کاریگەرییان لەگەڵ هەندێ وڵاتی دی بەکاردەهێنن، هاوکاربن و دڵنیایی بدەن کە شەڕەکە بەسەر ناوچەکەدا بڵاونابێتەوە، روونە کە ئەمە لەبەرژەوەندیی هەموو لایەکدایە و لە رۆژانی داهاتوودا سەرنجمان لەسەر ئەمە دەبێت."
لە دوای 7ی ئۆکتۆبەرەوە زیاتر لە 100 هێرش کراونەتە سەر ئەمریکا و بەرژەوەندییەکانیان لە عێراق و سووریا. حوسییەکان لە مانگی نۆڤەمبەرەوە زیاتر لە 100 هێرشی مووشەکی و درۆنییان کردووەتە سەر ئەو کەشتییانەی بە رێڕەوە ئاوییەکان تێپەڕدەبن. لە رۆژی هەینیشەوە ئیسرائیل و حیزبوڵڵای لوبنانی زیاتر 100 مووشەکیان ئاراستەی پێگەکانی یەکدی کردووە.
سەردانەکەی بلینکن لەکاتێکدایە، شەڕی ئیسرائیل و حەماس پێدەنێتە مانگی چوارەمی، زیاتر لە 22 هەزار فەلەستینی بەهۆیەوە کوژراون کە زۆربەیان ژن و منداڵن.
بلینکن گوتی، "ژمارەیەکی رادەبەدەری خەڵک کوژراون"؛ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا جەختیشی کردەوە کە دەیانەوێت زۆرترین هاوکاریی مرۆیی بگەیێننە خەڵكی غەززە. بلینکن پشتگیریی خۆی بۆ ئیسرائیل لە شەڕی حەماس دووپاتکردەوە و جەختی کردەوە لەدوای حەماس خەڵكی غەززە حوکمڕانی بگرنە ئەستۆ و ئاسایشی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەشێوەیەک بێت، "جارێکی دیکە رووداوەکانی 7ی ئۆکتۆبەر دووبارە نەبنەوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ