ژمارەی قوربانییانی جەنگی حەماس و ئیسرائیل زیادی کرد؛ نزیکەی 11000 کەس کوژراون

05-11-2023
رێکار عەزیز @Rekar_Azeez
باڵەخانەیەک دوای بۆردوومانێکی ئیسرائیل لە غەززە خاپوور بووە و خەڵک بەدوای قوربانییەکاندا دەگەڕێن
باڵەخانەیەک دوای بۆردوومانێکی ئیسرائیل لە غەززە خاپوور بووە و خەڵک بەدوای قوربانییەکاندا دەگەڕێن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئیسرائیل، وەکو خۆی دەڵێت، بەرەی جەنگی بردووەتە نێو کەمپی نوسەیرات لە نێوەڕاستی کەرتی غەززە؛ ژمارەی قوربانیانی سڤیلیش لە غەززە تادێت روو لە زیادبوونە.
 
دایکی عەلا عەبدۆ، دانیشتووی نوسەیرەت دەڵێت، "هەموومان سەلامەت بووین، لەناکاو بینیمان هێرش کرایە سەر ماڵێک. نەمانزانی چی روویدا. ماڵەکە پڕبوو لە ژن و منداڵ. کەسی دیکەی لێنەبوو. سوێند بە خوا تەنیا ژن و منداڵ بوون."
 
لەو کاتەی هێرشەکەی نوسەیرات کرا ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە تەلئەڤیڤ لە کۆبوونەوەیەکی دووقۆڵی لەگەڵ بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل پاڵپشتیی بۆ ئیسرائیل بۆ لەنێوبردنی حەماس دووپاتکردەوە.
 
دواتر لە عومانی پایتەخت لەلایەن وەزیرانی دەرەوەی ئوردن و میسر داوای ئاگربەستی شەڕی لێکرا.
 
ئەیمەن سەفەدی، وەزیری دەرەوەی ئوردن رایگەیاند، "ئێستا کاری سەرەکی کۆتاییهێنانی ئەم جەنگەیە، رزگارکردنی ژیانی خەڵکی بێتاوانە، بۆئەوەی رێگری لە وێرانکاریی زیاتر بکەین، هیوا بگەڕێنینەوە و مرۆڤ سڕینەوەیەکی زۆر مەترسیدار راگرین."
 
ئەنتۆنی بلینکن لەگەڵ ئاگربەستی هەمیشەییدا نییە بەبێ کۆتاییهاتنی حەماس. وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، "ئێستا ئەمریکا باوەڕی وایە هەموو ئەم هەوڵانە بە ئاگربەستی مرۆیی کاتی بەدیدێن، باوەڕمان وایە ئاگربەستی کاتی میکانیزمی گرنگن بۆ پارێزگاریکردن لە خەڵکی سڤیل، گەیاندنی هاوکاریی مرۆیی و گواستنەوەی خەڵکی بیانی وادەکەن ئیسرائیل بتوانێت ئامانجەکانی لە تێکشکاندنی حەماس بەدەستبهێنێت."
 
سەردانەکەی بلینکن بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لەدوای رۆژێکی دیکەی خوێناوی هات لە غەززە، کاتێک ئیسرائیل بەردەم سێ نەخۆشخانە و ئامبوڵانسێکی کردە ئامانج و 15 کەسی کوشت، بەوەش ژمارەی قوربانیانی فەڵەستینی 9500 کەسی تێپەڕاند.
 
لە بەرامبەردا، تاوەکو ئێستا 1430 ئیسرائیلی لەلایەن گرووپە چەکدارەکانی ‌غەززەوە کوژران و 242ش دیل و بارمتەن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە