گالەری

05-04-2023
13 Photos
لهۆن نەسرەدین

رووداو دیجیتاڵ 

لە مزگەوتی ئەقسا لە ئۆرشەلیم (قودس) شەڕ و رووبەڕووبوونەوە لەنێوان نوێژخوێنان و پۆلیسی ئیسرائیلدا روویدا و هێزە ئەمنییەکان زیاتر لە 350 فەلەستینییان دەستگیرکردووە. 
 
رووداوەکە کاتێک روویدا کە موسڵمانان دەیانویست لە مزگەوتەکەدا بمێننەوە و جووەکانیش بەبۆنەی پشووی جەژنی پەیساک کە لە 4ـی مانگی نیسان دەستپێدەکات و تاوەکو 13ـی مانگ بەردەوام دەبێت، دەیانویست سەردانی مزگەوتەکە بکەن.
 
پەیساک یەکێکە لە جەژنە سەرەکییەکانی جووەکان و هەفتەیەک بەردەوام دەبێت کە یادی رزگاربوونی جووەکان لە کۆیلایەتیی میسرییەکان دەکەنەوە. 
 
گرژییەکە تەنیا لە ئەقسادا نەمایەوە و بۆردوومان و مووشەکبارانی تێکەوت. بزووتنەوەی حەماس هێرشی مووشەکی بۆسەر ناوچەکانی باشووری ئیسرائیل ئەنجامدا و فڕۆکەکانی ئەو وڵاتەش چەند هێرشێكیان کردە سەر کەرتی غەززە و پێگەیەکی تایبەت بە چەکدارانی حەماسیان کردە ئامانج.
 
بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە، 5-4-2023، چەند فڕۆکەیەکی جەنگیی ئیسرائیل هێرشیان کردە سەر چەند ناوچەیەکی نێوەڕاستی کەرتی غەززە و لانیکەم بە دوو مووشەک کەمپێکی تایبەت بە راهێنانپێکردنی گرووپی عیزەدین قەسام، باڵی چەکداریی حەماسیان کردە ئامانج.
 
لە کاتێکدا سەرچاوەیەکی ئەمنیی ئیسرائیلی دەڵێت، هێرشەکە بە شەش مووشەک کراوە، هەندێ میدیا باس لە چوار مووشەک دەکەن لە سنووری باکووری کەرتەکەوە ئاراستەی باشووری ئیسرائیل کراون.
 
هاوکات راگەیێندراوی سوپای ئیسرائیل باس لە 9 مووشەک دەکات و دەڵێت، "سەرەتا 5 مووشەک لە کەرتی غەززەوە ئاراستەی باشووری ئیسرائیل کران کە سەرجەمیان بە سیستمی دژە مووشەکیی ئاسمانی تێكشکێندران، پاشان چوار مووشەکی دیکە تەقێندران و هەموویان کەوتنە ناوچەیەکی چۆڵی بیابیانی."