رووداو دیجیتاڵ/ AFP
دوای ئەوەی بۆ رێگەگرتن لە بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا، سعودیە لە مانگی ئازارەوە بڕیاریدابوو رێوڕەسمی حەج و عومرە رابگرێت، ئەمڕۆ یەکشەممە 4-10-2020 گەشتی عومرە دەستی پێکردەوە، هەزاران عومرەکار چونە بەردەم کەعبەی پیرۆز و نزا و نوێژیان کرد.
دەستپێکردنەوەی عومرە بە سێ قۆناخ دەبێت، محەممەد ساڵح بنتن، وەزیری حەجی سعودیە دەڵێت، رۆژانە رێگە بە شەش هەزار عومرەکار دەدەن تاوەکو سوننەتی عومرە بەجێبێنن.
لە قۆناخی دووەم کە لە 18ـی ئەم مانگە دەستپێدەکات، ژمارەی عومرەکاران بۆ 15 هەزار کەس زیاد دەکرێن. لە 1ـی مانگی تشرینی دووەمیش، عومرەکارانی بیانی رێگەیان پێدەدرێت و ژمارەکە بۆ 20 هەزار کەس زیاد دەبێت.
بەڕێوەچوونی عومرە لەم کاتەدا بەجۆرێکە، لەگەڵ هەر گرووپێکی عومرەکاران کە 20 بۆ 25 کەسن، کارمەند و تیمی تەندروستی ئامادە دەبن بۆ دۆخی لەناکاو.