حووسییەکان لە دەریای سوور هێرشیان کردە سەر دوو کەشتیی 'ئیسرائیلی'

03-12-2023
رێکار عەزیز @Rekar_Azeez
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

گوتەبێژی سەربازیی حووسییەکان رایدەگەیێنێت، دوو کەشتیی ئیسرائیلییان لە بابولمەندەب لە نزیک عەدەن بە مووشەک و درۆن کردوونەتە ئامانج.
 
رۆژی یەکشەممە، 3ـی کانوونی یەکەمی 2023، یەحیا سەریع، گوتەبێژی سەربازیی حووسییەکانی یەمەن لە گوتارێکی تەلەڤزیۆنیدا رایگەیاند، دوو کەشتیی سەربازیی ئیسرائیلییان بە ناوەکانی یونیتی ئێکسپلۆرەر و نەمبەر 9  لە بابولمەندەب کردوونەتە ئامانج. 
 
بابولمەندەب دەریای سوور بە کەنداوی عەدەنەوە گرێدەدات. ئەو ناوچەیە لە چەند هەفتەی رابردوودا زنجیرەیەک رووداو و هێرشی بەخۆیەوە بینیوە کە دەخرێنە ئەستۆی حووسییەکانی لایەنگری ئێران، دوای هەڵگیرسانی شەڕی حەماس و ئیسرائیل لە کەرتی غەززە، هێرشی مووشەکی و درۆنییان کردووەتە سەر ئیسرائیل.
 
گوتەبێژەکەی حووسییەکان زانیاری زیاتری لەسەر هێرشەکە دا و گوتی، "کەشتیی یەکەمیان بە مووشەکی دەریایی و کەشتی دووەمیشیان بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی دەریایی پێکاوە". ئەوەش وەکو خۆی دەڵێت، "دوای ئەوەی هۆشدارییەکانی ئەوانیان پشتگوێ خست و ویستوویانە بە باب مەندەب تێپەڕن."
 
ئەو بەرپرسە هۆشداریشیدا کە هەر کەشتیێکی ئیسرائیلی یاخود نزیک لە ئیسرائیل لە دەریای سوور یاخود دەریای عەرەبی ببینن، هێرشی دەکەنە سەر. دووپاتیشی کردەوە کە هێرشەکانیان بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیل لەو ناوچە ئاوییانە بەردەوام دەبن "تا ئەوکاتەی ئیسرائیل هێرشی سەر کەرتی غەززە رادەگرێت."
 
ئەمە لەکاتێکدایە، ئەمڕۆ یەکشەممە پێنتاگۆن رایگەیاند، ئاگاداری ئەو راپۆرتانەن کە کەشتی جۆری USS Carney و چەند بەلەمێکی بازرگانییان لە دەریای سوور کراونەتە ئامانج. USS Carney کەشتیێکی جەنگییە و لەگەڵ زیادبوونی هێرشەکانی سەر ئیسرائیل، ئەمریکا بەرەو دەریای سوور جووڵەی پێکردووە.
 
دوو بەرپرسی ئەمریکی کە نەیانوسیستووە ناویان ئاشکرا بکرێت دەڵێن، هێرشی یەکەم کاژێر 10:00ی بەیانی لە سەنعاوە کراوە، بەرپرسی دووەم گوتوویەتی کە کەشتی USS Carney لانیکەم درۆنێکی لە ئاسمان تێکشاندووە.
 
دیارنییە ئاخۆ هێرشی سەر دوو کەشتییە ئیسرائیلییەکە پەیوەندیان بەو هێرشانەوە هەیە کە ئەمریکا پشتڕاستی دەکاتەوە و دەڵێت، کراونەتە سەر هێزەکانیان لەدەریای نێوەڕاست یاخود نا، بەڵام حووسییەکانی یەمەن بە ئاشکرا پاڵپشتییان بۆ بەرگریکردن لە کەرتی غەززە دەربڕیوە و پێشتریش بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان و بە مووشەک هێرشیان کردووەتە سەر ناوچە جیاجیاکان لە ئیسرائیل، هەرچەند ئیسرائیل دەڵێت زۆربەی هێرشەکانیان تێکشاندوون.
 
پێشتر، هەر ئەمڕۆ هێزی ئۆپەراسیۆنە دەریاییە بازرگانییەکانی سەر بە سوپای بەریتانیا هۆشداریی بە کەشتی و پاپۆڕە بازرگانییەکان دا کە تەقینەوەیەک لە دەروازەی بابولمەندەب روویداوە، کە رۆژ‌هەڵاتی ئەفریقا لە نیمچەدوورگەی عەرەبی جیادەکاتەوە.
 
هێزەکە هەروەها باس لەوە کرد کە جموجوڵی درۆنەکانیش بە ئاسمانی ناوچەکەوە بینراوە.
 
هەر لەم مانگەدا، حووسییەکان لە دەریای سوور دەستیان بەسەر کەشتییەکی گواستنەوەی ئۆتۆمبێل و بارهەڵگرەکاندا گرت کە پەیوەندیی بە ئیسرائیلەوە هەبوو. کەشتییەکە تائێستا لە بەندەری حودەیدای لەژێر دەستی حووسییەکانە. 
 
هەروەها 27ـی تشرینی یەکەم، سوپای ئەمریکا رزگارکردنی کەشتییەکی پەیوەندیدار بە ئیسرائیلی لە دەستی ژمارەیەک چەکدار لە سنوورە ئاوییەکانی یەمەن راگەیاند، کە دواتر دەرکەوت رفێنەرەکانی سۆماڵی بوون. 
 
ئەم هێرشانە لەکاتێکدان، شەڕی ئیسرائیل و حەماس دوو مانگی تێپەڕاندووە و تاوەکو ئێستا بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی کەرتی غەززە، زیاتر لە 15,500 کەس لە کەرتی غەززە کوژراون، ئیسرائیلیش ئاماژە بە کوژرانی نزیکەی 1,300 کەس دەکات کە 1200یان لە کاتی هێرشەکانی 7ی ئۆکتۆبەر بۆ سەر ئیسرائیل کوژراون.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە