رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دەڵێت، لەنێوبردنی حەماس ئامانجێکە لەنێو کابینە جەنگییەکەی و بە تێکڕای دەنگ لەسەری رێککەوتوون.
ئەو گوتانەی بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە کاتێکدایە، تادێت خۆپێشاندانەکان لە شار و شارۆچکەکانی ئیسرائیل بۆ کۆتاییهێنانی شەڕی غەززە و رازیبوون بە ئاگربەست فراوانتر دەبن.
هاوکات لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی گوشارەکان لەسەر نەتەنیاهوو بۆ رازیبوون بەو پێشنیازەی ئاگربەست روویان لە زیادبوونە، کە هەفتەی رابردوو جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا خستیەڕوو.
نەتەنیاهوو دەڵێت، بەردەوام خەیاڵی لای گەڕاندنەوەی بارمتەکانە، بەڵام جەختیش دەکاتەوە کە لەنێوبردنی حەماس ئامانجی سەرەکیی کابینەی جەنگی ئیسرائیلە کە بە تێکڕای دەنگ لەسەری رێککەوتوون.
رۆژی هەینی بایدن پێشنیازێکی نوێی ئاگربەستی بۆ شەڕی هەشت مانگەی ئیسرائیل و حەماس خستەڕوو، کە لەسێ قۆناخ پێکدێت؛ ئاگربەستی شەڕ، ئازادکردنی بارمتەکان و زیندانیانی فەڵەستینی، بنیاتنانەوەی غەززە و گەڕانەوەی خەڵک بۆ سەر زێدی خۆیان کە 75٪یان ئاوارەبوونە.
قۆناخی یەکەم: شەش هەفتە ئاگربەست
لە قۆناخی یەکەمدا داوای ئاگربەستێکی دەستبەجێی سەرتاسەری دەکات بۆ شەش هەفتە، لەو ماوەیەدا دەبێت هێزەکانی ئیسرائیل لەنێو ئاوایی بکشێنەوە "ژمارەیەک بارمتە ئازاد بکرێن" لەنێویاندا ژنان و کەسانی بەتەمەن و برینداران، لەبەرامبەردا ژمارەیەک زیندانی فەڵەستینی لە ئیسرائیل ئازاد بکرێن.
لەو ماوەیەدا رۆژانە 600 بارهەڵگر هاوکاری مرۆیی بگەیێندرێتە غەززە، ئاگربەستەکە بەردەوام دەبێت هەتاوەکو ئەگەر دانوستاندنەکان بۆ رێککەوتنێکی درێژخایەن کاتی زیاتریان خایاند.
قۆناخی دووەم: ئازادکردنی سەرجەم بارمتەکان
لەقۆناخی دووەمدا دەبێت ئیسرائیل لە تەواوی ناوچەکانی غەززە بکشێتەوە، لەبەرامبەردا سەرجەم بارمتەکان ئازاد بکرێن، لەنێویاندا ژمارەیەک سەرباز. بەگوتەی بایدن، ئەگەرحەماس پابەند بێت، سەرجەم" گرژییەکان بەشێوەیەکی هەمیشەیی" دەوەستن.
قۆناخی سێیەم: بنیاتنانەوەی غەززە
قۆناخی کۆتایی پلانەکە تایبەتە بە بنیاتنانەوەی غەززە، شار و ماڵ و قوتابخانە و نەخۆشخانەکان نۆژەندەکرێنەوە، وڵاتانی عەرەبی و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەو پڕۆسەیە بەشدار دەبن بەو مەرجەی رێگەخۆشکەر نەبێت بۆ پڕ چەککردنی حەماس.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ