رووداو دیجیتاڵ
بزووتنەوەی حەماس دەڵێت، لانیکەم 195 کەس لە هێرشەکەی دوو رۆژی رابردووی سەر کەمپی جەبالیا گیانیان لەدەستداوە کە ئیسرائیل بەرپرسیارێیی هێرشەکەی گرتەئەستۆ و رایگەیاند، فەرماندە و بنکەی حەماسیان کردووەتە ئامانج. نەتەوە یەکگرتووەکانیش دەڵێت، هێرشکردنە سەر کەمپی کۆچبەران دەچێتە چوارچێوەی تاوانی جەنگ.
دوای چەند کاژێرێک لە هێرشەکەی سەر کەمپی جەبالیا کە شوێنی سەدان هەزار کۆچبەرە، ئیسرائیل دانی بەوەدانا، هێرشەکە ئەو ئەنجامی داوە، رایگەیاند، لە هێرشەکەدا دوو سەرکردەی دیاری حەماسیان کوشتووە و بنکەیەکی ئەو گرووپەیشیان لەژێر زەویدا خاپوورکردووە.
ئیسرائیل دەڵێت، "ئەو گرووپە، سەنتەری فەرماندە و ژێرخانی تیرۆری لەژێر و لە دەوروبەری ماڵی خەڵکی دامەزراندبوو، بە مەبەست ژیانی خەڵکی غەززەی دەخستە مەترسییەوە."
کەمپی جەبالیا گەورەترین کەمپی نێو هەشت کەمپی ئاوارەکانە و دەکەوێتە باکووری شاری غەززە، تاوەکو مانگی تەممووزی 2023، زیاتر لە 116 هەزار ئاوارەی فەلەستینی لەو کەمپەدا تۆمارکراون.
لەدوای جەنگی ساڵی 1948ـەوە ئاوارەکانی فەلەستین لە کەمپەدا نیشتەجێبوون، هەرچەندە رووبەرەکەی بچووکە، بەڵام ژمارەیەکی زۆر باڵەخانەی نیشتەجێبوونی تێدا دروستکراوە.
جەنگی ئیسرائیل و گرووپە چەکدارەکانی غەززە کە لەژێر باڵی حەماسدان نزیکدەبێتەوە لە یەک مانگ، وەزارەتی تەندروستیی کەرتی غەززە رایگەیاند، ژمارەی ئەوانەی لە هێرشەکانی ئیسرائیلەوە لە 7ی ئۆکتۆبەر گیانیان لەدەستداوە، گەیشتە 8796 کەس کە 3648 کەسیان منداڵن.
رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانیش دەڵێت، یەک لەسەر سێی منداڵانی غەززە لە هێرشی ئیسرائیلدا گیانیان لەدەستداوە.
کۆمیسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان لە تۆڕی ئێکس رایگەیاند: "بەو پێیەی قوربانی زۆر کەوتوونەتەوە و وێرانکاری زۆر دوای هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر کامپی جەبالیا کەوتووەتەوە، نیگەرانی قوڵمان هەیە، کە ئەم هێرشە ناهاوتایانە بچنە چوارچێوەی تاوانی جەنگ."
جەنگەکە دوای ئەوە دەستیپێکرد کە بەیانیی رۆژی شەممە، 7ـی تشرینی یەکەمی 2023 بزووتنەوەی حەماس، ئۆپەراسیۆنی ناونراو بە "تۆفانی ئەقسا"ـی دژی ئیسرائیل راگەیاند؛ ئیسرائیلیش لە بەرامبەردا ئۆپەراسیۆنی ناونراو بە "شمشێری پۆڵایین"ـی راگەیاند، بەڵام، دواتر بەرەی شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل فراوانتر بوو و ژمارەیەک گرووپی چەکداری دیکەش چوونەنێو شەڕەکەوە.
بە گوێرەی ئامارە فەرمییەکانی هەردوولاش، تاوەکو ئێستا 10 هەزار و 201 کەس لە هەردوولا کوژراون و زیاتر لە 27 هەزار کەسی دیکەش بریندار بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ