ئاهەنگگێڕان لە زەوی و ئاسمانەوە؛ رێوڕەسمی هاوسەرگیریی شازادەی جێنشینی ئوردن

02-06-2023
تاڵیب حشمەت @Talib_Aldalaui
شازادەی جێنشینی ئوردن و هاوژینەکەی
شازادەی جێنشینی ئوردن و هاوژینەکەی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

شازادەی جێنشینی ئوردن لەنێو خێزان، هاوڕێ، کەسە نزیکەکانی و سەرۆک و بەرپرسانی وڵاتان ئاهەنگی پێکهێنانی ژیانی هاوژینی گێڕا. 
 
سەرەتا هاوڕێ و کەسە نزیکەکانی، وەک نەریتێکی باوی ئوردنییەکان کۆبوونەوە و زاوایان بۆ گەرماو برد و ئامادەیان کرد بۆ رۆژی هاوسەرگیرییەکەیە، لەو رۆژەدا لە ئاسمان و زەوییەوە ئاهەنگ گێڕدرا.
 
لە رێوڕەسمەکەدا، شا شمشێرێکی پێشکێش بە شازادە کرد، ئەوەش لەلای ئوردنییەکان بە مانای "دادپەروەری پاراستنی وڵات دێت."
 
شا عەبدوڵڵای دووەم، شای ئوردن رایگەیاند، "ئەمڕۆ بەخۆشی حوسێنەوە ئاهەنگ دەگێڕین، کوڕی من و کوڕی ئێوەشە. خۆشییەکانمان بە هاتنی ئێوە زۆرتر بوون. 28 ساڵ پێش ئێستا خودا ئەو کوڕەی پێ بەخشیم. ئەمڕۆ من شانازی پێوە دەکەم."
 
لەو لاشەوە خەنەبەندانە و گۆرانی بە باڵای بووکدا دەگوترێت. شاژنە رانیای ئوردن دەڵێت، "لە راستیدا، ئەو هاوشێوەی کچەکانم عمان و سەلما لە دڵمەوە نزیکە، بیرمە کە حوسێن هات بۆلام و گوتی دایکە ژن دەهێنم. رەجوە زۆر ئازیزە لەلام. هیوای ژیانێکی خۆشیان بۆ دەخوازم و ئیشەڵڵا خودا دەیان پارێزێت."
 
دوای ئەم رێوڕەسمانە لە کۆشکی زەهران بەڵگەنامەی هاوژینییان واژۆ کرد.
 
حوسێن بن عەبدوڵڵا، تەمەنی 28 ساڵە، خوێندکاری کۆلێژی سەربازیی شاهانەی ساند‌هێستی بەریتانیا بووە، لە زانکۆی واشنتن جۆرجتاونیش لە ئەمریکا بەکالۆریۆسی لە مێژوودا بەدەستهێناوە. رەجوە سەیفیش 28 ساڵە. لە خێزانێکی سعودی سەرمایەدار لەدایکبووە و بەکالۆریۆسی لە زانکۆی سیریکیوز لە نیویۆرک بەدەستهێناوە.
 
 
نزیکەی 150 سەرۆک و سەرکردەی جیهان لە ئاهەنگەکە بەشداربوون، لە نێویاندا سەرۆک مەسعود بارزانی، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، جیل بایدن، خانمی یەکەمی ئەمریکا، ویڵەم ئەلیکساندەر، پادشای هۆڵەندا و شازادە ویلیامی بەریتانیا.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە