حەسەن نەسروڵڵا بۆ ئیسرائیل: کەمێک پێبکەنن لەبەر ئەوەی زۆر دەگرین

01-08-2024
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

حەسەن نەسروڵڵا، ئەمیندارى گشتىی حیزبوڵڵاى لوبنانى لەبارەى کوژرانى یاريدەدەرێکى و ئیسماعیل هەنیيە رایگەیاند: رووبەڕووبوونەوەکان گۆڕاون بۆ شەڕى گەورە، بە ئیسرائیل دەڵێت، "کەمێک پێبکەنن لەبەر ئەوەى زۆر دەگرین."
 
رۆژی پێنجشەممە، 1ـی ئابی 2024، حەسەن نەسروڵڵا، ئەمیندارى گشتیی حیزبوڵڵای لوبنان لە گوتارێکدا رایگەیاند، رووبەڕووبوونەوەکان لە قۆناخى پاڵپشتى تێپەڕبوون و گۆڕاون بۆ شەڕى گەورە و پەرچەکرداریان بۆ کوژرانى فوئاد شوکر، سەرکردەى حیزبەکەى "جیدى و راستەقینە و پلان بۆدانراو" دەبێت.
 
حەسەن نەسروڵڵا بە ئیسرائیلییەکانى گوت: "کەمێک پێبکەنن لەبەر ئەوەى زۆر دەگرین، ئێوە نازانن چوونەتە چ قۆناخێکەوە".
 
30ـی تەممووزی 2024، سوپای ئیسرائیل کوژرانى  فوئاد شوکر، یاریدەدەرى حەسەن نەسروڵڵاى بڵاوکردەوە کە لە بۆردوومانێکدا لە لوبنان کوژرا.
 
حەسەن نەسروڵڵا گوتى: "دوژمن (ئیسرائیل) نازانێت پەرچەکردارەکان لە کوێیەوە دەبن. لە باکوورى فەلەستین یان باشوور، ئایا بە جیا دەبێت یان پێکەوە، ئێمە بەدواى بەرپەرچدانەوەیەکى راستەقینەدا دەگەڕێین نەک رووکەشی وەک ئەوەى هەندێک بانگەشەى بۆ دەکەن."
 
حەسەن نەسروڵڵا لە گوتارێکدا بەبۆنەى پەرەسەندنەکانى ئەمدواییەى ناوچەکە رایگەیاند: "کوشتنى ئیسماعیل هەنییە [سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماس] لە تاران ئاماژەیە بۆ "گێلیى دوژمن" بەوەى کە وا دەزانێت ئێران بێدەنگ دەبێت بەرامبەر بەوەى روویدا و بەرپرسانى ئەو وڵاتە پێیان وایە کە دەست براوە بۆ شکۆ و سەروەریی و ئاسایشى نەتەوەیی و شەرەفیان."
 
بەیانى 31ى تەممووز ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکى مەکتەبی سیاسیى بزوتنەوەى حەماسی فەلەستینى لە تارانى پایتەخى کۆمارى ئیسلامى ئێران کوژرا.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە