یەکەمین لووتکەی تەندروستیی کوردستان دەبەسترێت

19-04-2019
رووداو @Rudawkurdish
نیشانەکردن تەندروستی
A+ A-

رووداو - هەولێر

سبەی (شەممە 20-4-2019) لە هەولێری پایتەخت یەکەمین لووتکەی تەندروستیی کوردستان بە سپۆنسەری میدیایی تۆڕی میدیایی رووداو دەستپێدەکات.

دکتۆر ئاراس برادۆستی، سەرۆکی لووتکەی تەندروستیی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، بە پاڵپشتی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، بە پاڵپشتی و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان سبەی یەکەمین لووتکەی تەندروستیی کوردستان لە هەولێر دەستپێدەکات.
 
سەرۆکی لووتکەی تەندروستیی کوردستان دەڵێت، بەشدارانی لووتکەکە لە کەرتی تەندروستی کوردستان، عێراق، تورکیا، ئێران، ئوردن، هیندستان، ئەڵمانیا، ئیتاڵیا، سوێد، سویسرا، ئەمریکا، بەریتانیا، کەنەدا و بە هاوئاهەنگی لەگەڵ رێکخراوی تەندروستی جیهانییە.

دکتۆر ئاراس برادۆستی روونیدەکاتەوە قسەکەرە بیانییەکان ئەزموونی پێشکەوتنی کەرتی تەندروستی وڵاتەکانیان لە 10 پایە گرنگەکە دەخەنەڕوو، ئامانج ئەوەیە هێڵە گشتییەکانی پێشخستنی کەرتی تەندروستی دابندرێن، ستراتیژی کارکردنی ئەو کەرتە دابڕێژرێتەوە.

کاژێر 6:00ـی ئێوارەی رۆژی شەممە رێوڕەسمی کردنەوەی  لووتکەی تەندروستییە. د. ڤالا فەرید، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، ئەندامانی پەرلەمانی عێراق و کوردستان،  د. رێکەوت حەمەرەشید، وەزیری تەندروستی، عەلی سندی وەزیری پلاندانان، د. یوسف گۆران، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، رێباز حەملان، وەزیری دارایی و ئابووری، نەورۆز مەولوود وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، فەلاح مستەفا بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان، رێکخراوە نێوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان و زیاتر لە 600 پزیشک و پەرستار و کارمەندی تەندروستی لە نێوخۆ و دەرەوەی وڵاتەوە بەشداری لە لووتکەکەدا دەکەن.

پاشان لە دوو رۆژدا 36 قسەکەری وڵاتە بەشداربووەکان و زیاتر لە 400 پزیشك و پەرستاری بەشداربوو لە 10 پانێڵدا پایەکانی کەرتی تەندروستی کوردستان گەنگەشە دەکەن.
 
دکتۆر ئاراس دەڵێت، لووتکەی تەندروستی پلاتفۆرمێکی جیهانییە و ساڵانە لە بەناوی "لووتکەی تەندروستی جیهانی" بەڕێوەدەچێت، لە هەندێک لە وڵاتە پێشکەوتووەکانیش هەیە، بەڵام یەکەمجارە لووتکەکە لە وڵاتێکی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەبەسترێت، "کوردستان لە بەستنی لووتکەکەدا پێش هەریەکە لە عێراق، ئێران، تورکیا، سوریا، ئوردن و وڵاتانی کەنداو کەوتەوە".

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە