لەیدی گاگا لەبارەی خۆکوژییەوە مەترسییەکان دەخاتەڕوو

10-10-2018
سەروەر سالار
نیشانەکردن خۆکوژی، دەروونی، لەیدی گاگا، تێدرۆس ئادانۆم
A+ A-


رووداو-سلێمانی

لە گوتارێکی هاوبەشدا لە رۆژنامەی گاردیانی بەریتانی، گۆرانیبیژی بەناوبانگی ئەمریکی لەیدی گاگا و بەڕێوەبەری رێکخراوی تەندروستی جیهانی تێدرۆس ئادهانۆم هۆشداری دەدەن لەبارەی گرفتی خۆکوژی لە جیهان.


لە گوتارەکەدا دەڵێن ساڵانە 800 هەزار کەس خۆیان دەکوژن، کەچی لە چەندین ناوچەی جیهان خزمەتگوزاری دەرووندرووستی بەردەست نییە و تەنانەت لە هەندێک شوێن نەخۆشی دەروونیی شورەییە و تانە لە تووشبووان دەدرێ!



گوتوشیانە شەرم و ترس و تێنەگەیشتن لە نەخۆشییە دەروونییەکان، گرفتی گەورەی بەردەم چارەسەر و بەتەنگەوەچوونی تووشبووانن.

گاگا و ئادهانۆم دەڵێن چواریەکی خەڵکی لە یەکێک لە قۆناخەکانی ژیانیان تووشی نەخۆشی دەروونی دەبن، خۆ ئەگەر خودی ئێمەش یەکێک لە تووشبووان نەبین، ئەوە دوور نییە کەسێکی نزیکمان یەکێک بێ لە تووشبووان و پێویستی بە گرنگیپێدانی ئێمە بێت.

بەتایبەتیش لەبارەی خۆکوژی نەوجەوانان هۆشداری دەدەن، بەوەی لە کەسانی تەمەن 15-29 سالاندا، خۆکوژی دووەم هۆکاری مردنە.

ناڕەزاییشیان دەربڕیوە کە وڵاتان پارەی کەم دەبەخشن بۆ بەرەنگاربوونەوەی گرفتە دەروونییەکان، بە جۆرێک پارەی بەخشراو بۆ ئەو بوارە تەنیا 1%ی پارەی بەخشراو بۆ بواری تەندروستی جیهانی پێکدێنێ. ئەوە لەکاتێکدایە نەخۆشییە دەرونییەکان ساڵانە بایی دوو تریلیۆن و 500 ملیۆن دۆلار زیان لە ئابووری جیهان دەدەن.

لە کۆتاییدا داوایان لە هەموان کردووە رۆڵیان هەبێت لە بەرەنگاربوونەوەی ئەو گرفتانەی دێنەڕێی چارەسەری تووشبووانی نەخۆشییە دەوونییەکان و چاودێریکردنی دەروونیان، هەروەک داوا لە حکومەتەکان و پەیوەندیداران کراوە دەروندروستی بخرێتە ریزی کارە لە پێشینەکانیان.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە