بەریتانیا و ئەڵمانیا لەبواری تەکنەلۆژی هاوکاریی یەکدی دەکەن

10-03-2014
رووداو
رووداو
A+ A-

رووداو - ئاژانسەکان

پێشانگای سەنتەری تەکنەلۆژیای زانیاریی  CeBIT ی 2014 کە گەورەترین پێشانگای کۆمپیوتەر و ئەلیکترۆنیاتی جیهانە و تایبەتە بە تەکنەلۆژیای زانیاریی لە جیهاندا، لە شاری هانۆڤەری ئەڵمانیا دەستیپێکرد و هەریەکە لە دەیڤید کامیرۆن، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا و ئەنگێلا مێرکڵ، راوێژکاری ئەڵمانیا بەشدارییان تێدا کرد.

دەیڤید کامیرۆن، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا رایگەیاند، پێویستە ئەڵمانیا و بەریتانیا لەسەر بنەمای شۆڕشی پیشەسازی سەرکردایەتی تەکنەلۆژیایەکی تازە بکەن بۆ جیهان.

کامیرۆن لە یەکەم رۆژی کردنەوەی ئەو پێشانگا جیهانییەدا، باسی لە ئامرازەکانی گواستنەوە و پەیوەندیکردن و هۆکارەکانی تەندروستی کرد و ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم پێشانگایە دەتوانێت گۆڕانکاری گەورە لە رێگاو بوارە تەکنەلۆژییەکاندا بکات، ئەڵمانیا و بەریتانیاش دەتوانن پێشەنگ بن.

کامیرۆن باسی لە تێچوونی کارکردنی جدیی بۆ دانانی سیستەمی نوێی پەیوەندی و پاراستنی داتای ئەلیکترۆنی کرد کە ملیۆنەها دۆلاری تێدەچێت.

دەیڤید کامیرۆن دەڵێت "ئێمە ئامادەکاریمان کردووە کە نزیکەی 122 ملیۆن دۆلار بۆ دامەزراندنی سیستەمێکی وەها بکرێت و گەڕان و پشکنین بەدوای تازەترین هۆکاری ئاڵۆگۆڕ و گواستنەوەدا بکرێت و کۆمپانیاکانیش هەلی باشتریان دێتە بەردەست بۆ کارکردن".

بەگوێرەی راپۆرتی رۆژنامەی دی زایتی ئەڵمانی، ئەڵمانیا و بەریتانیا کار بۆ بەکارخستنی سیستەمی 5G دەکەن، کە تایبەتە بە پەیوەندی و ئاڵوگۆڕی ئینتەرنێت و داونلۆدی داتاکان، بەگوێرەی ئەو راپۆرتە ئەم سیستەمە نوێیە ئەگەر بخرێتە کار پێدەچێت هەزار هێندەی سیستەمی 4G خێرا بێت، بەم پێیە داونلۆدی فیلمێکی سینەمایی، بەم سیستەمە تەنها چەند چرکەیەک دەخایەنێت.

ئەنگێلا مێرکڵ ئاشکرایکرد کە پاراستنی داتا لە چاودێریکردن بەشێکی دیکە دەبێت لە کاری ئەو کۆبوونەوە تەکنەلۆژییە و راشیگەیاند بۆ ئەم کارە بەشێوەیەکی چڕوپڕ گفتوگۆ لەگەڵ ئەمریکا دەکرێت.

سەنتەری تەکنەلۆژی زانیاری CeBIT بۆ یەکەمجار لە 12ی ئاداری ساڵی 1986 دەستی بە کارەکانی کرد و لە ساڵی 1944 بەدواوە ساڵانە پێشانگای خۆی لە هانۆڤەر بە بەشداری سەدان وڵاتی جیهان بەڕێوەدەبات، پێشانگای ئەمساڵیش لە 9ی ئادار دەستیپێکردووە و تا 15ی ئەم مانگە دەخایەنێت، بەریتانیاش وەک هاوبەشی سەرەکی پێشانگاکە دەستنیشانکراوە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە