ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا بیمەی تەندروستی منداڵانی نوێکردەوە

04-11-2017
سەروەر سالار
نیشانەکردن بیمە، منداڵان
A+ A-

رووداو-سلێمانی

ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا پرۆژەی بیمەی تەندروستی منداڵان و خانمانی دووگیانی بۆ پێنج ساڵی دیکە درێژکردەوە، کە تێیدا هاریکاریی تەندروستی بۆ ملیۆنان کەسی کەمدەرامەت فەراهەمدەکرێ.

پرۆژەکە بە زۆرینەی 242 دەنگی بەڵێ بەرامبەر 174 دەنگی نەخێر درێژکرایەوە، بەڵام دیموکراتەکان پێشبینی دەکەن لە ئەنجوومەنی پیراندا، کە کۆمارییەکان زۆرینەی پێکدێنن، دەستی دەستی زۆر بە پرۆژەکە بکرێ و ئەوەش ماوەیەک خەرجکردنی پارەی پرۆژەکە دوابخات.

پرۆگرامەکە بیمەی تەندروستی بۆ 9 ملیۆن منداڵی کەمدەرامەت دابیندەکات و پرۆژەی هەردوو پارتە سەرەکییەکەی ئەمریکایە و لە 20 ساڵی رابردوو کە جێبەجێکراوە، بێ گرفت تێپەڕیوە و هەمیشە دەنگی پیویستی بەدەستهێناوە بۆ نوێکردنەوەی.

گرفتی ئەمساڵ ئەوەیە نوێکردنەوەی پرۆژەکە دواکەوتووە، چونکە لە 30ی ئەیلوولەوە ماوەکەی تەواوبووە و تاکوو رێوشوێنە یاساییەکان تەواو نەبن، پارەی نوێی بۆ خەرجناکرێ. 

پاش پەسەندکرانی لەلایەن ئەنجوومەنی نوێنەرانەوە، رەوانەی ئەنجوومەنی پیران دەکرێ و دەبێ لە کۆی 100 ئەندامەکە، 60 کەسیان دەنگی بۆ بدەن. ئەوە لە کاتێکدایە کۆمارییەکان 52 ئەندامیان لەو ئەنجوومەنە هەیە و بەوە ناسراون تێبینییان لەسەر پرۆگرامە تەندروستییەکانی ئیدارەکانی پێشوو هەیە هەیە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە