رووداو-هێڵس كۆم
بەهۆی هۆشیاری تەندروستی زیاتر و خۆراكی تەندروستانەتر، خەڵكی ئێستا كەمتر لە رابردوو بە نەخۆشییەكانی دڵ دەمرن. بەڵام ئێستاشی لەسەربێ نەخۆشییەكانی دڵ هۆكاری یەكەمی مردنی خەڵكین لەسەر ئاستی جیهاندا.
ئەگەر هەستت بە یەكێك یان زیاتر لەم نیشانانە كرد، مانای ئەوە نییە تۆ بە دڵنیاییەوە نەخۆشیی دڵت هەیە، بەڵام ئەوە دەهێنن سەردانی پزیشك بكەیت و ئەو نیشانانەی وەك كلیلێك پێ ببەخشیت تا بەدوای هۆكارەكەیاندا بگەڕێت، كە یەكێكیان نەخۆشییەكانی دڵە.
نیشانەكان ئەمانەن:
1-هەست بە ماندوێتی كردن:
زۆركات ئەم هەستە بۆیە درووستدەبێت ئۆكسجینی پێویست ناگاتە ئەندامانی جەستە، دڵیش زۆر لەخۆی دەكات و خۆی ماندوو دەكات تا زۆرترین بڕی ئۆكسیجی بەردەست بنێرێت.
ئەگەر ئەم گرفتەت هەیە، لەگەڵ پزیشكەكەت بدوێ و هۆكارەكەی بزانە. چونگە چەند حاڵەتێكی دیكەش ماندوێتی درووستدەكەن، وەك كەمیی ماددەی ئاسن.
2-ئاوسانی پێیەكان:
چەندین هۆكار دەبنەهۆی ئاوسانی پێیەكان وەكوو دووگیانی و دەوالی. بەڵام یەكێك لە هۆكارە گرنگەكان سستبوونی دڵە، كە تێیدا دڵ توانای ناردن و وەرگرتنی خوێنی بە كارایی نییە.
هەروەك ناتەواویی زمانە (صمامە) كانی دڵ دەبنەهۆی ئاوسانی پێیەكان.
3-ئازاری توندی قاچ لەكاتی رێكردن:
ئەگەر ران و پوزەكانت تووشی ئازاری توند دەبن لەكاتی رۆیشتن و بە هەوراز سەركەوتندا و لەگەڵ پشوودان باش دەبی، لەوانەیە تووشی تەسكبوونەوەی بۆرییەكانی خوێنی پەلەكان بووبیت. ئەوەش لە ئەنجامی كەڵەكەبوونی چەوریی لەسەر دیواری بۆرییەكانی خوێن پەیدا دەبێت. پسپۆڕان دەڵێن ئەگەر ئەم حاڵەتەت هەبێت ئەوا ئەگەری تووشبوونت بە گیرانی بۆرییەكانی خوێن (جەڵتە)ی دڵ 50% یە.
4-گێژبوون:
سەرسوڕان و گێژبوون كە چەندین جار رووبدات، گەلێك هۆكاری هەیە، وەك: وشكبوونەوە و كەمخوێنی و نەخۆشیی دڵ.
5-تەنگەنەفەسی:
ئەگەر بە چالاكیگەلێك هەناسەت تەنگ دەبێت كە لە خەڵكی ئاساییدا بەو جۆرە نییە، ئەوا پێدەچێت نەخۆشیی زمانەكانی دڵ یان سستبوونی دڵت هەبێت. بەڵام ئەم حاڵەتە چەند هۆكارێكی دیكەی هەیە، وەكوو: رەبو، كەمخوێنی و هەوكردنی سییەكان.
6-دڵەكوتێ:
بۆ نموونە كاتێك دەچیتە سەرجێگا بۆ نووستن، هەست بە لێدانی دڵت دەكەیت. یان كاتی پشوودان و ئاسایی هەست بە توند (مەرج نییە خێرا) لێدانی دڵت دەكەیت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ