رووداو دیجیتاڵ
بۆ چارەسەرى کێشەى ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتاکان، نووسراوێک ئاراستەى وەزارەتى ناوخۆی عێراق دەکرێت، چاوەڕوان دەکرێت سەرەتاى ساڵى نوێ وەڵامبدرێتەوە.
ئەو نووسراوە لە 29ـی کانوونى یەکەمى 2024، لەلایەن دارا سێکانیانى، ئەندامى پەرلەمانى عێراق لە پشکى پارێزگاى سلێمانى ئاراستەى وەزارەتى ناوخۆى عێراق کراوە.
دارا سێکانیانى بە رووداوى گوت "هەندێک لەو ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتایانە لە ناوچەکانى سنوورى دەسەڵاتى حکومەتى فیدراڵییەوە براونەتە هەرێمى کوردستان، بۆیە داوام کردووە چارەسەرێک بۆ ئەو کێشەیە بدۆزرێتەوە و ئەو ئۆتۆمبێلەى کێشەى هەیە جیابکرێتەوە لەوانى دیکە."
لە 2ـی کانوونى یەکەمى 2024 لیژنەى باڵاى ئەمنیی پارێزگاى سلێمانى بڕیاری دا دەست بەسەر ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتاکاندا بگرێت و رێگەیان پێنەدرێت لە بازگەکانەوە بچنە ئەو پارێزگایەوە.
ئەو پەرلەمانتارە لە نووسراوەکەدا ئاماژەى بەوە داوە؛ خاوەنى ئەو ئۆتۆمبێلانە رێگەیان پێنادرێت ئۆتۆمبێلەکان بەناویانەوە تۆماربکرێت، بە پاساوى ئەوەى ئەو مەرجانەیان تێدا نییە کە لە بەڕێوەبەرایەتییەکانى هاتووچۆ لە هەرێمى کوردستان کاریان پێدەکرێت.
دارا سێکانیانی داواى لە وەزارەتی ناوخۆ کردووە بە هاوئاهەنگى لەگەڵ حکومەتى هەرێمى کوردستان چارەسەر بۆ ئەو کێشەیە بدۆزنەوە و رێنمایی و رێکارى یاسایی دابنرێت بۆ ئەوەى ئەو ئۆتۆمبێلانە تۆماربکرێن.
دارا سێکانیانى گوتیشی "بەگوێرەى رێکارەکان دەبێت لەنێوان 15 بۆ 30 رۆژ لە ناردنى، نووسراوەکە وەڵامبدرێتەوە و چاوەڕوان دەکرێت وەڵامى وەزارەتى ناوخۆى عێراق بکەوێتە سەرەتاى ساڵى نوێوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ