رووداو دیجیتاڵ
بە فەرمانی سەرۆکی هەرێمی کورستان، لە پارێزگای دهۆک هەر سێ ناحیەی شاریا، مسێرک و تەناهی دروستبوون. جێگری پارێزگاری دهۆک دەڵێت، "بڕیارەکە بۆ خزمەتی خەڵکە و شۆڕكردنەوەی دەسەڵاتە".
ئەمڕۆ پێنجشەممە 31-10-2024 لە راگەیێندراوێکدا سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: "ئه‌م فه‌رمانه‌ی به‌ڕێز سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، پاڵپشت به یاسای سه‌رۆكایه‌تی و له‌به‌ر رۆشنایی نووسراوێكی سه‌رۆكایه‌تیی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران، به‌پێی یاسای پارێزگاكانی هه‌رێمی كوردستان ده‌رچووه و له رۆژی واژۆکردنییەوە جێبه‌جێ ده‌كرێت".
فەرمانەکە دوێنێ 30-10-2024 لە لایەن نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستانەوە دەرکراوە. ماجید سەید ساڵح، جێگری پارێزگاری دهۆک ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بڕیارەکە بۆ خزمەتی خەڵکە. ئەو کۆمەڵگەیانەش کراون بە ناحیە دانیشتوانیان زۆرە، تەنیا تەناهی نزیکەی 70 هەزار کەسی تێدایە".
ماجید سەید ساڵح گوتیشی: "کۆمەڵگەی شاریا کە کراوە بە ناحیە زۆرینەی دانیشتووانەکەی خوشک و برایانی ئێزدین و ژمارەیان زیادیکردووە، کە بوون بە ناحیە ئاسانتر دەستی خزمەتگوزارییان پێ دەگات".
جێگری پارێزگاری دهۆک باسی لە سێیەم ناحیە کرد و گوتی: "مسێرک کراوەتە ناحیە پێشتر لە لایەن دەسەڵاتی بەعسی عێراقەوە وەکو کۆمەڵگەی زۆرەملێ دروستکرابوو، گوندنشینانی نزیکەی 12 گوندی لێ نیشتەجێ کرابوو".
بە گوتەی ماجید سەید ساڵح، بڕیارەکە دەکەوێتە بەرژەوەندی هاونیشتمانیانی ئەو ناحیانەوە. گوتیشی: "فەرمانگەی تایبەت بە خۆیان بۆ دەکرێتەوە و کارئاسانییەکی باشە بۆ کارە کارگێڕییەکانی حکومەت و هاونیشتمانیان".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ