رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ دەرگەی تانەدان لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان کرایەوە و بۆ ماوەی سێ رۆژ بەردەوام دەبێت. بەرپرسێک لە کۆمیسیۆن دەڵێت، تانەکە راستەوخۆ دەنێردرێت بۆ دەستەی دادوەریی کۆمیسیۆن.
بۆتان شێرکۆ جاف، بەرپرسی هونەریی نووسینگەی هەولێری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئەمڕۆ پێنجشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: هەر لایەنێکی سیاسیی تانەی لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان هەبێت لە ئەمڕۆوە دەتوانێت تۆماری بکات.
بە گوتەی بۆتان جاف، تانەدان بۆ ماوەی سێ رۆژ بەردەوام دەبێت جگە لە رۆژی هەینی کە پشووە، رۆژانی شەممە و یەکشەممە بەردەوام دەبێت.
هەر لایەنێکی سیاسیی یان بەربژێر و هاوپەیمانییەک بیەوێت تانە لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان بدات، دەبێت لە رێگەی لقەکانی کۆمیسیۆنەوە تانەکە بدات. بۆتان جاف دەڵێ: "تانەکان راستەوخۆ بەرز دەکرێنەوە بۆ دەستەی دادوەری کۆمیسیۆن".
20ـی ئەم مانگە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەچوو. 30-10-2024 کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنەکەی راگەیاند.
بەگوێرەی کۆمیسیۆن، پارتی دیموکراتی کوردستان 39 کورسی و یەکەمی هەڵبژاردنەکە بووە، دوای ئەویش یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە 23 کورسی دووەمە و جووڵانەوەی نەوەی نوێ بە 15 کورسی سێیەمە.
هەروەها یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، حەوت کورسی، رەوتی هەڵوێست چوار کورسی، کۆمەڵی دادگەریی کوردستان سێ کورسی، بەرەی گەل دوو کورسی و هەر یەکە لە لە گۆڕان و هاوپەیمانیی هەرێمی کوردستانیش یەکی کورسییەکیان بەدەستهێناوە.
هەندێک لە لایەنەکان ئەنجامەکەیان رەتکردەوە، لەنێویاندا کۆمەڵی دادگەریی رایگەیاند، بەشدار نابن لە خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ