رووداو دیجیتاڵ
بەراورد بە 10 رۆژ لەمەوبەر، نرخی تەماتە زیاتر لە 100% دابەزی. بەرپرسی سەندیکای عەلوەی سلێمانی دەڵێت، هۆکاری دابەزینی نرخەکە کردنەوەی سنووری ئێرانە بۆ هاوردەکردنی تەماتە بۆ عێراق.
سەروەر عەلی، بەرپرسی سەندیکای عەلوەی سلێمانی ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "نرخی تەماتە بە رێژەیەکی بەرچاو دابەزیوە و لە عەلوە کیلۆی 500 دینارە و لەو نرخەش کەمتر هەیە".
بەگوێرەی نرخی نوێ، ئەمڕۆ تەماتە لە بازاڕەکاندا کیلۆی 750 بۆ 1,000 دینار دەبێت.
21ـی ئەم مانگە نرخی تەماتە لە هەرێمی کوردستان بەرزبووەوە و کیلۆی لە بازاڕدا گەیشتە 1,500 بۆ 2 هەزار دینار.
هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی تەماتە داخستنی سنوورەکانی ئێران بوو بۆ هاوردەکردنی تەماتە لەکاتی چلەی ئیمام حوسێندا لە نێوەڕاستی ئەم مانگە و رۆژانی دواتری.
بە گوتەی سەروەر عەلی، عێراق بڕیاری داوە سنوورەکانی لەگەڵ ئێران بۆ هاوردەکردنی تەماتە بکاتەوە؛ گوتیشی: "ئەو بڕیارە هۆکاری سەرەکی دابەزینی نرخە".
زۆرترین تەماتەی هەرێمی کوردستان لە سنووری پێنجوێن بەرهەم دەهێندرێت. بەرپرسی سەندیکای عەلوەی سلێمانی دەڵێت، ئێستا تەنیا تەماتەی پێنجوێن رۆژانە هەزار و 500 تۆنە.
چەند جۆرێک تەماتەی نێوخۆیی لە عەلوەی هەولێر هەن. هەر ئەمڕۆ هۆشیار جەلیل، بەرپرسی چاودێریی گومرگی کشتوکاڵی لە هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، بەگوێرەی جۆرەکان نرخیان جیایە، بۆنموونە تەماتەی شێخان کیلۆی 300 بۆ 400 دینارە و نمرەیەکی پێنجوێنیش 750 دینارە.
بەشێکی تەماتەی هەرێمی کوردستان لە نێوەڕاست و خوارووی عێراق خواستی زۆری لەسەرە و هەناردەی ئەوێ دەکرێت.
لە وەرزی پێگەیشتنی هەر بەرهەمێکی نێوخۆییدا حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ساخبوونەوەی بەرهەمی جووتیاران قەدەخەی دەخاتەسەر. لەو چوارچێوەدا هاوردەکردنی تەماتە قەدەخەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ