ئاوارە راگوێزراوەکانی کەرکووک دەتوانن لە سلێمانی دەنگ بدەن

01-09-2017
شادیە رەسول
دەنگەکانیان لە شارەکانی خۆیان هەژمار دەکرێت
دەنگەکانیان لە شارەکانی خۆیان هەژمار دەکرێت
نیشانەکردن گشتپرسی
A+ A-

رووداو - هەولێر

کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردن و راپرسیی رایدەگەیێنێت، ئەو هاونیشتمانییانەی کەرکووک لەکاتی رژێمی پێشووی عێراق ئاوارەی سلێمانی بوون، دەتوانن هەر لە سلێمانی دەنگ بدەن.

خێزانەکەی کەمال ئاوارەی کەرکووکن، زیاتر لە 27 ساڵە لە شاری سلێمانی نیشتەجێن، تاوەکو ئێستا فۆڕمی خۆراکیان سەر بە کەرکووکە. بۆ ئەوەی لە دەنگدانی گشتپرسیش دوانەکەون، بڕیاریانداوە بگەڕێنەوە کەرکووک، لەگەڵ ئەوەشدا چاوەڕوانن کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردن دەنگدانەکەیان بۆ ئاسانتر بکات.

کەمال کەریم دەڵێت "ژیانێکی ناخۆشمان تێپەڕاند، بەھۆی ئەشکەنجەدانی حیزبی بەعسەوە ھەردوو گوێچکەم تەقی و حوکمی لەسێدارەدانم هەبوو، دواتر بەر لێبووردن کەوتم و راگوێزراین بۆ سلێمانی، بەڵام فۆڕمی خۆراکمان ھەر سەر بە کەرکووکە. ئێمە ھەرچییەک بێت دەچین دەنگ دەدەین چونکە ئەمە خەونێکی لەمێژینەمانە و پێویستە ماڵمان لە عێراق جیابێت".

بڕیارە نوێکەی کۆمیسیۆنی باڵای ھەڵبژاردن و راپرسیی ھەرێمی کوردستان دڵی ئەو خێزانانە خۆشدەکات کە ئاوارەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستانن و لە پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستان نیشتەجێن. کۆمیسیۆن دەڵێت، لە شوێنی خۆیان بەبێ ھیچ ئاستەنگێک دەتوانن دەنگ بدەن.

دیار نەسرەدین، جێگری بەڕێوەبەری کۆمیسیۆن لە نووسینگەی سلێمانی دەڵێت "بەپێی ئەو بڕیارەی دراوە بۆ ئەو ئاوارانەی (ئاوارەی ناوخۆ) ناسراون، ئەگەر فۆڕمی خۆراکیان گواستبێتەوە ئێرە ئەوا بۆیان ھەیە لێرە دەنگ بدەن، بەڵام ئەگەر فۆڕمی خۆراکیان لە شارەکانی خۆیان بوو، ئەوە کۆمیسیۆن بڕیاری داوە سندووقێکی تایبەتیان لە شوێنەکانی خۆیان بۆ دابنێت و ھەر لێرەش دەنگ بدەن، بەڵام دەنگەکانیان لەسەر شار و ناوچەکانی خۆیان بۆ ھەژمار دەکرێت".

داڕشتنەوە: حەکیم داود

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە