رووداو دیجیتاڵ
پورە خەجیجە دانیشتوویەکی گەڕەکی عەرفەیە، هاوژینەکەی دوای 40 ساڵ خزمەتکردن لە کێڵگە نەوتییەکانی کەرکووک تەنیا خانوویەکی بۆ جێهێشتوون کە موڵکی وەزارەتی نەوتە و ئێستا دەیانەوێت لێی بسێننەوە و هیچ قەرەبوویەکی نەکەنەوە.
ئەوان 40 ساڵە لە خانووەکەدا دەژین و سێ جار نۆژەنیان کردووەتەوە و تاوەکو ئەو کاتەی خانووەکەیان چۆڵ دەکەن، مووچەی خانەنشینیان راگیراوە.
خەجیجە پیرۆت، دانیشتوویەکی گەڕەکی عەرەفەیە و دەڵێت: هاوژینەکەم لەنێو کۆمپانیا لە ژێر کاریگەریی بۆن و دووکەڵی کێڵگە نەوتییەکان تووشی شێرپەنجە بوو و کۆچی دوایی کرد، ئێستا ئەو کەسەی بووەتە کەفیلمان بێزارکراوە و دەڵێن، دەبێت بڕۆن و خانووەکە چۆڵ بکەن، ئەگەرنا مووچەکەتان دەبڕین، ئەویش گوشاری بۆ ئێمە هێناوە، من و کچەکەشم بەتەنیاین و هیچ شوێنێکمان نییە.
بڕیاری چۆڵکردنی خانووەکان، 145 خانەنشینی ئەو کۆمپانیایە دەگرێتەوە و ئەوانیش دژی ئەو بڕیارە لەبەردەم دەرگای کۆمپانیای نەوتی باکوور خێوەتیان هەڵداوە و مانیان گرتووە.
ئەحلام موحسین، یەکێکە لە مانگرتووەکان و دەڵێت، "رۆژانە لە بنکەی پۆلیسەوە ئاگادارکردنەوەمان بۆ دێت تا خانووەکان چۆڵ بکەین، دەمانەوێت بزانین بۆ؟ هاوژین و منداڵەکانمان 50 بۆ 45 ساڵ خزمەتیان کرد، ئاوها پاداشت دەکرێنەوە؟ ئێمە داوا لە وەزیر دەکەین بڕیارەکە هەڵبوەشێنێتەوە و خانووەکانمان لەسەر تاپۆ بکات هاوشێوەی ناوچەکانی نێوەڕاست و باشووری عێراق."
سێ ساڵە کۆمپانیای نەوتی باکوور هەوڵی لێسەندنەوەی ئەو 145 خانووە دەدات. جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، تا قەرەبووی ئەو خێزانانە نەکرێتەوە رێگە بەجێبەجێکردنی ئەو بڕیارە نادەن.
شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بە رووداوی گوت، تاوەکو ئەوکاتەی جێگەیەکیان بۆ دابین دەکرێت لەلایەن دەوڵەتەوە یاخود خۆیان توانای دابینکردنی شوێنیان دەبێت دۆخیان وەکو خۆی بمینێتەوە؛ وەزارەت هەموو جارێک ئەو گوشارەیان لێ دەکات و دەتوانن تا ماوەیەک بڕیارەکە رابگرین و بەهیوای ئەوەی بتوانین رێگەچارەیەکی یەکجارییان بۆ بدۆزنەوە و ئەو خەڵکە لەو یەکەی نیشتەجێبوونانە جێگایان بکرێتەوە کە ئیدارەی شارەکە دروستیکردوون.
30 ساڵە کۆمپانیای نەوتی باکوور لە کەرکووک، هیچ یەکەیەکی نوێ نیشتەجێبوونی بۆ کارمەندانی دروستنەکردووە و لە بری دامەزراندنی کەسوکاری ئەو کارمەندانەی کە خانەنشین بوون، کەسانی دیکەی لە شارەکانی نێوەڕاست و باشووری عێراقەوە هێناوەتە کەرکووک.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ