یاساناسێک: بڕیارەکەی دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق تایبەتمەندیی هەرێمی کوردستانی پاراستووە

31-05-2023
محەممەد رەحیم کەریم @Mohammed_mrk
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

یاساناسێک دەڵێت، بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵیی عێراق، یەکێک لە سێ پایەکەی قەوارەی هەرێمی کوردستانی هەڵوەشاندووەتەوە و ئێستا 60 رۆژی لەبەردەمدایە بۆ ئەوەی پارێزگاری لە دوو پایەکەی دیکەی بکات. دەشڵێت، لایەنە سیاسییەکان شکستیان هێناوە لە رێککەوتن لەسەر چارەنووسێکی هاوبەش و کورسیی پێکهاتەکان هۆکاریك بووە بۆ ئەو مەترسییەی کە ئێستا قەوارەی هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە.
 
سمکۆ ئەسعەد، یاساناس و لێکۆڵینڤانی یاسایی بە رادیۆی رووداوی راگەیاند، بەگوێرەی بڕیارەکەی دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق، یەکێک لە سێ پێکهێنەرەکەی قەوارەی هەرێمی کورستان لەکارخراوە کە دەسەڵاتی یاسادانانە، ئەوەی کە ماوەتەوە دەسەڵاتی جێبەجێکردن و دەسەڵاتی دادوەرییە، گرنگترین خاڵ ئەوەیە ئێستا چۆن دوو دەسەڵاتەکەی دیکە بەگوێرەی یاسا بپارێزرێن.
 
سمکۆ ئەسعەد دەڵێت، بەگوێرەی یاسا بەرکارەکان، ئێستا سەرۆکی هەرێمی کوردستان، سەرۆکی دەسەڵاتی جێبەجێکردنە و نابێت هەنگاوێک بنرێت کە ئەو دوو دەسەڵاتی دیکە (جێبەجێکردن و دادوەریی) بخاتە بەردەم مەترسیی هەڵوەشاندنەوە.
 
لەبارەی ئەوەی دەسەڵاتەکانی هەرێمی کوردستان کەوتووەتە بۆشایی دەستوورییەوە، سمکۆ ئەسعەد گوتی، ئێستا بەشێکی دەسەڵاتەکانی قەوارەی هەرێمی کوردستان لە بۆشایی دەستووریدایە، "بەڵام دەبێت ئاگاداری ئەوەبین کە هەموو قەوارەی هەرێمی کوردستان نەکەوێتە بۆشایی دەستوورییەوە، بۆیە هەر کردەوەیەک کە دەکرێت، دەچێتە تۆماری سیاسی و دیموکراسیی هەرێمی کوردستانەوە، نابێت هەنگاوێک بنرێت دەسەڵاتەکانی دیکەش هەڵبوەشێنێتەوە."
 
ئەو یاساناسە باس لەوە دەکات، بۆ ئەوەی دوو دەسەڵاتەکەی دیکەی هەرێمی کوردستان هەڵنەوەشێنرێتەوە، بەگوێرەی دەستووری هەمیشەیی عێراق مادەی 64/ بڕگەی دووەم، دەبێت سەرۆکی هەریمی کوردستان بە مەرسوومێکی سەرۆکایەتی ئەم بڕیارانە دەربکات:
 
1- لە ماوەی 60 رۆژدا هەڵبژاردن بەڕێوەبچێت و داوا لە کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق بکات سەرپەرشتیی هەڵبژاردن بکات.
 
2- حکومەتی ئێستای هەرێمی کوردستان بە دەستلەکارکێشاوە دابنێت و رایبسپێرێت بۆ راییکردنی کارەکانی هاووڵاتییان.
 
3- لەبەرئەوەی پەرلەمان هەڵوەشاوەتەوە، دەبێت حکومەت لەماوەی کاربەڕێکاریدا لەژێر چاودێریی دەسەڵاتی دادوەریدا بێت، چونکە هیچ حکومەتێکی بەبێ چاودێری نابێت.
 
لەبارەی رێککەوتنی لایەنەکان لەسەر بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن گوتیشی، لایەنە سیاسییەکان شکستیان هێناوە لە رێککەوتن لەسەر چارەنووسێکی هاوبەش لە هەرێمی کوردستان، بەگوێرەی دەستوور دوومانگ ماوە بۆ پاراستنی دوو دەسەڵاتەکەی دیکەی هەرێمی کوردستان لە هەڵوەشاندنەوە، بۆیە پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان گرنگترە لە پەیوەندیی لایەنەکان.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وەزارەتی دارایی دەڵێت، تائێستا نزیکەی 700 هەزار مووچەخۆر لە 'هەژماری من' تۆمار کراون

وەزارەتی دارایی: ساڵی داهاتوو پڕۆژەی 'هەژماری من' رادەستی وەزارەتەکەمان دەکرێت

وەزارەتی دارایی دەڵێت، هەرێمی کوردستان دەتوانێت بۆ پڕۆژەی هەژماری من سوود لە سەرجەم ئەو بانکە ئەهلییانە وەربگرێت کە لەلایەن بانکی ناوەندیی عێراقەوە مۆڵەتی کارکردنیان پێدراوە.