رووداو دیجیتاڵ
بەشێک لە دانیشتووانی قەزای بنەسڵاوەی پارێزگای هەولێر گلەیی لەوە دەکەن؛ لەلایەن میراوەکانەوە، پارەیان لێ وەردەگیرێت بەپاساوی ئەوەی ئاوی گەڕەکەکە چاکدەکەن. قایمقامی بنەسڵاوەش دەڵێت "هەر هاوڵاتییەک پارەی لێ وەرگیراوە، سەردانمان بکات".
چەند دانیشتوویەکی بنەسڵاوە لە پارێزگای هەولێر لە رێگەی رادیۆی رووداوەوە گلەییان لەوە کرد لەلایەن بەشێک لە میراوی گەڕەکەکانەوە، بەپاساوی چاککردنی ئاوی گەڕەکەکەیان، پارەیان لێوەردەگیرێت و هەر ماڵی دەبێت 5 بۆ 10 هەزار دینار بدەن.
جوان رەفیق، قایمقامی قەزای بنەسڵاوە بە رادیۆی رووداوی گوت، "هەر هاووڵاتییەک گلەیی لە میراوی گەڕەکەکەی هەیە و ئاو بەگوێرەی خشتەی پێویست بەرناداتەوە یان پارەیان لێ وەرگیراوە، سەردانی قایمقامیەت بکات و دەستبەجێ بەداواداچوون بۆ گرفتەکە دەکەین".
بەگوتەی قایمقامی بنەسڵاوە، پار چەند میراوێک بەهۆی کەمتەرخەمی لە بەردانەوەی ئاو، سزادراون. ئاماژەی بەوەشکرد، داوای لە فەرمانگەی ئاوی قەزاکە کردووە هەر میراوێک ماڵی لە هەر گەڕەکێک بێت، کارەکەی بخرێتە گەڕەکێکی دیکە بۆ ئەوەی کارەکانی بەباشی جێبەجێ بکات.
لەبارەی وەرگرتنی پارە لە هاونیشتمانیان، جوان رەفیق دەڵێت، "هەر هاووڵاتییەک پارەی لێوەرگیراوە، با سەردانمان بکات، بۆ ئەوەی بزانین چ میراوێکە و لە چ گەڕەکێکە. ئەو کەسەی پارەی لە خەڵک وەرگرتبێت، سزا دەدرێت".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ